شارەدارە نیزامیەکەی کرماشان لە سەر کارەکەی دوورخرایەوە

20:29 - 3 رەشەمه 2715
ئاژنسی کوردپا: کێشە و گرفتی ماڵی و نەبوونی بەڕێوەبەری، لابردنی شارەداری کرماشانی لێ‌کەوتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شارەداری نوێ شاری کرماشان \"عەبدوولڕەزا شەعبانی\" دوای ١٠ مانگ لە دەستبەکاربوونی لە کاروباری شارەداریدا، لە لایەن ئەندامانی شووڕای ئەو شارەوە لە سەر کارەکەی لابردرا.

لابردنی شارەداری کرماشان بە ١٠ دەنگی ئەرێنی لە بەرانبەرد ٥ دەنگی نەرێنی‌دا پەسند کرا.

سەبارەت بە بڕیاری لابردنی شەعبانی، ئەندامانی شووڕای شاری کرماشان لەگەڵ ڕاگەیەنە حکوومەتییەکان وتوێژیان کردووە.

\"29603.jpg\"
دوکتور عەبدوولڕەزا شەعبانی سەرهەنگی پێشووی هێزی ئیتنزامی
دوکتور عەبدوولڕەزا شەعبانی سەرهەنگی پێشووی هێزی ئینتزامی بووە.

یەکێک لە ئەندامەکانی شووڕای شاری کرماشان لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی مێهر، نیزامیی بوونی شەعبانی بە هۆکاری دەنگی نەرێنی بۆ مانەوەیی ناوبراو لە سەر کارەکەی ناو بردوو ڕاگەیاند: شەعبانی هیچ شارەزاییەکی لە سەر کاروباری شارەداری نەبووە و تەنانەت هیچ پرۆژەیەک یان بەرنامەیەکی پێشکەش نەکردووە.

ڕەزا حەیدەریان گوتی: من لە کاتی هەڵبژرادنی عەبدوولڕەزا وەکو شارەداری کرماشان لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵە ناڕەزایەتیی خۆمم دەبڕیوە.

لە وڵامی وتەکانی ئەو ئەندامەی شووڕای شاری کرماشان، شەعبانی ڕوونی کردەوە و گوتی: من هیچ کات بەبێ هێز کار ناکەم و هەوەک پێشووتر بەهێزەوە دەچوومە پێش.

حەسەن موراد قولی یەکێکی دیکە لە ئەندامانی شووڕا، نەبوونی دەسەڵات لە لایەن شەعبانیەوە بە هۆکاری لابردنی ناوبراوی زانی.

هەواڵدەریی ئیسنا لە ڕاپۆڕتێکی خۆیدا، لێدوانی یەکێک لە ئەندامانی شووڕای شاری کرماشان بە ناوی غوڵامڕەزای باقری بڵاو کردەوە، کە بەکارهێنان و دامەزراندنی هێزە ناخۆجێیەکان و بەڵێنی دانی یارمەتی ١٠میلیونی خانووبەرە بۆ هێزەکانی شارەداری بە پارەیەکی دیاری کراوە وە، بە یەکێک لە هۆکارگەلی لابردنی شارەداری کرماشان ناو بردووە.

شارەداری کرماشان زیاتر لە ٥٠٠ میلیارد تمەن قەرزدارە.

هەرلەو پەیوەندییەدا، عەبدوولڕەزا شەعبانی ڕۆژی ڕابردوو بە پێچەوانە پەسند کردنی شووڕای شار، ناوەندێکی کلینێکی دەرمانی کردەوە کە تێجووی ئەو ناوەندە لە شوێنی دارای ناوەندێکی فەرهەنگی دابین دەکرێت.

ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان باس لە بەکار هێنانی هێز لە لایەن براکەی شەعبانی دەکەن لە ناوەندی سەرکۆماری بۆ هەڵبژاردنی ناوبراو وەکو شارەداری کرماشان کە بە دەستهێنانی ١٥٠ میلیارد تمەن بۆ بەڕێوبەری شارەداری، ئەو پۆستەی بە دەست هێناوە.

عەبدوولڕەزا شەعبانی لە کۆبوونەوەی پرسیار و وڵامی دوێنی، نەیتوانی لە مەڕ کارو باری شار و کردەیی شارەداری وڵامێکی قیناعەت پێکراو بە ئەندامانی شووڕا بداتەوە، کە لە کۆتاییدا لابردنی شارەدار و ناڕەزایەتی هەندێک لە ئەندامانی ئەو شووڕایە لێ‌کەوتەوە.

ناڕازییەکان، \"ڕۆژانی هەستیاری هەڵبژاردنەکان و نزیک بوونەوە لە ساڵی نوێ\" لە هۆکارەکانی ناڕەزایەتی دەربڕینی خۆیان لە سەر کار لابردنی شەعبانیان ناو بردووە.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دا شارە ٩٧٠ هەزار کەسییەکەی کرماشان، چەندین شارەداری نوێ بە خۆوە بینیوە کە زۆربەیان بە هۆی گەندەڵی ماڵی و نەبوونی بەڕێوەبەری لە کارەکەیاندا دوور خراونەتەوە.