شارەداری ئیلام لە سەر کارەکەی دوور خرایەوە

14:55 - 3 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: ئەندامانی شووڕای شاری ئیلام، دەنگیان بە لابردنی شارەداریی ئەو شارە دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢ی گەڵاوێژ، ئەندامانی شووڕای شاری ئیلام بە ١١ دەنگی ئەرێنی، یەزدان قوبادیان لە سەر کارەکەی دوور خستەوە.

بڕیاری لە سەر کار دووخرانەوەی شارەداریی شاری ئیلام، لە ڕێگای ڕوونخوازیەوە بەڕێوەچوو کە قوبادیان ئامادە نەبووه وڵامی پرسیارەکانی ئەندامانی ئەو شووڕایە بداتەوە.

پێشتریش ناوبراو، دو جار که لە کۆبوونەوەی ڕوونخوازیی شارەداریی شاری ئیلام بەڕێوەچوو ، ئەندامانی ئەو شووڕایه بەو ئاکامە گەیشتبوون کە ناوبراو لە سەر کارەکەی لاببەن، بەڵام هەر جارەکەی قوبادیان دەنگی ئەندامانی ئەو شووڕایەی بە دەست هێنابووە و لە سەر کارەکەی خۆی مابوویەوە.

ئەندامانی شووڕای شاری ئیلام لە مانگی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی و مانگی بانەمەڕی ٩٥ـەوە دەنگی ئەرێنیان بە دوورخرانەوەی قوبادیان دابوو.

یەزادن قوبادیان، پێشتر ئەندامی شووڕای شار بووە و لە ساڵی ٩٣ی هەتاوی بە بەدەست هێنانی ٩ دەنگی ئەرێنی وەکوو شارەداریی شاری ئیلام هەڵبژێردرا.

هەر لەو پەیوەندییەدا چەند مانگی ڕابردوو، شارەداریی شاری کرماشان \"عەبدوولڕەزا شەعبانی\" دوای ١٠ مانگ لە دەستبەکاربوونی لە کاروباری شارەداریدا، لە لایەن ئەندامانی شووڕای ئەو شارەوە لە سەر کارەکەی لابردرا.