شارەداری سنە لەسەر كار لابرا

14:20 - 25 سەرماوەز 2715
ئاژانسی كوردپا: بەهۆی گەندەڵییەوە \"شادمان كامیاب\" لە سەر كار لابرا و \"لوقمان حەیدەری\" وەك سەرپەرەشتیاری شارەداری بە شێوەی كاتی هەڵبژێردرا.

بەپێی دوایین هەواڵەكان پاش ئەوەیكە شادمان كامیاب شارەداری پێشوی شاری سنە بەهۆی گەندەڵی ٢ میلیارد و ٧٠٠ میلیۆن تمەنی و دامەزراندنی كۆمەڵێك لە \"ئاغازادەكان\" كەوتە بەر لێپرسینەوە، لەلایەن شۆرای شاری سنەوە بە زۆرینەی دەنگ لەسەر كار لابرا.

جەلال شەریعەتی ئەندامی شۆرای شاری سنە لەمبارەوە بە هەواڵدەریی حكومەتی فارسی ڕاگەیاندووە: شارەداری پێشوو بڕی ٢ میلیارد و ٧٠٠ میلیۆن تمەن لە پارەی شارەداری دزیوە و بەپێچەوانەی ڕێوشوێنە پەسندكراوەكان ١٥٠كەس لە ئاغازادەكانی بەهۆی پێوەندی شەخسی لە شارەداریدا دامەزراندووە، هەربۆیە تووشی لێپرسینەوە بووە و بە ٩ دەنگی ئەرێنی لە بەرامبەر ٤ دەنگی نەرێنی ناوبراو لەسەر كار لادرا.

پاش لەسەركارلادانی ناوبراو شۆرای شاری سنە بەشێوەی كاتی دەنگی متمانەیان بە \"لوقمان حەیدەری\" ئەندامی ئەم شۆرا دا تاكوو سەرپەرەشتیی شارەداری سنە وە ئەستۆ بگرێت.

پرسی گەندەڵییە ماڵی و ئیدارییەكان لە ئێرانی ژێر دەسەلاتی كۆماری ئیسلامی بووەتە پرسێكی باو و تەنانەت لە هەندێك شوێنیشدا پرسێكی سروشتی كە ئەمە كێشە و گرفتی زۆری بەرەوڕووی هاووڵاتیان كردووەتەوە.