شاری سەردەشت ٢٧ ساڵە بەدەست گازی خەردەلەوە دەناڵێنێ

21:02 - 7 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای تێپەربوونی ٢٧ ساڵ بەسەر کیمیاباران کردنی شاری سەردەشتدا، بەرکەوتوانی ئەو چەکە لەو شارە، بەدەست بێ ئیمکاناتیی پزیشکی و دەواو دەرمانەوە دەناڵێنن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ٧ی پووشپەڕ، ٢٧ ساڵ بەسەر کیمیاباران کردنی شاری سەردەشتدا تێپەڕدەبێت، کە زیاتر لە ١١٠ کەس بەهۆی ئەو بۆردمانە کیمیاییەوە گیانیان لەدەست داوەو نزیکەی ٨ هەزار کەسیس تووشی کەمئەندامی بوون.

شاری سەردەشت، کە یەکەمین شار بوو هێرشی کیمیایی کرایە سەر، تاقە کلینکێکی تایبەت بە بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی تێدایە و هەنووکە بە نیوەچڵی کار دەکات و وەگەڕکەوتنی لقی نەخۆشخانەی ساسان هەتا ئیستا لەگەڵ چەندین کێشە بەرەوڕوو بۆتەوە.

نوێنەری سەردەشت لە مەجلیسی ئیسلامی رایگەیاندووە: وەزیری بێهداشت و دەرمان بەڵینیی جێبەجی کردنی داوا و پێداویستییەکانی ناوچەکەی داوەو گوتووشیەتی، کە لەئیستادا بارودۆخی دەرمانیی خەڵکی سەردەشت کارەساتبارە.

\"20810.jpg\"
تاقە کلینکی تایبەتی بە بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی بە نیوە چڵی کار دەکات
هەواڵدەریی مێهر لە زاری رەسووڵ خزری‌یەوە بڵاوی کردۆتەوە؛ سەرەڕای نالەباریی دۆخی جەستەیی و دەرمانیی بەرکەوتوان و بریندارانی چەکی کیمیایی لە شاری سەردەشت، تێچووی دەواودەرمانی بەهۆی گرانیی لە رادەبەدەرەوە بۆ زۆربەی هاووڵاتییان دابین ناکرێت و بەشێک لە برینداران بۆ چارەسەری روو لە تاران و تەورێز و ورمێ دەکەن.

شاری سنووریی سەردەشت لە باشووری ئازەربایجانی رۆژئاوا، لە ئێستادا زۆرترین ژمارەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی وڵاتی ئێرانی لەخۆ گرتووەو بەپێی بۆچوونی پسپۆڕانی بیوکیمیایی؛ ئاسەوارەکانی ئەو کیمیابارانە نەسل بۆ نەسل لەسەر بەرکەوتوانی ئەو چەکە کاریگەریی دەبێت و ئاسەوارەکانی دەمێنێتەوە.

ژمارەیەک لە شار و گوندەکانی ئوستانی کوردستان لە شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراقدا بە چەکی کیمیایی هێرشی کرایە سەر، کە دەکرێ ئاماژە بە سێ جار کیمیابارانی شاری نۆدشە و ٢٦ی رەشەمەی ساڵی ٦٦، سێ و سێزدەی خاکەلێوەی ساڵی ٦٧ ی هەتاوی و ٣١ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٧ی گوندەکانی زەردە، سەرمیل و دیرە لە ناوچەی داڵاهۆ، کرندی غەرب و ئوستانی کرماشان بکەین.

نزیک بە تێکڕای هاووڵاتییانی کوردی ئەو ناوچانەی کە لەلایەن حکوومەتی بەعسی سەدام حوسێنەوە هێرشی کیمیایی کرایە سەر، لە نەبوونی ئیمکاناتیی پزیشکی و کەمتەرخەمیی لێپرسراوانی دەوڵەتی و ناوچەیی ناڕازین.