شاری سنە بە هێزی یەکە تایبەتەکانەوە تەندراوە

14:33 - 11 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: حکوومەتی ئێران هێزێکی زۆری لە یەکە تایبەتەکانی (یگان ویژە)، لە نێو شاری سنە جێگیر کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ چواڕشەممە ١١ی ڕەزبەر، ژمارەیەکی زۆر لە هێزی پاراستنی یەکە تایبەتەکان (گارد یگان ویژە) و هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە نێو شاری سنە جێگیر کراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕایگەیاند: هێزێکی زۆر لە یەکە تایبەتەکان لە شەقامە سەرەکی و مەیدانەکانی ئەو شارە جێگیر بوون و لە حاڵەتی ئامادەباشیدان.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، لە هەر ٢٠ مێتر لە شوێنە گشتییەکانی شاری سنە، ١ کەس لە هێزە تایبەتەکان دانراوە و هۆکاری هێنانی ئەو هێزە نیزامییە بۆ شاری سنە هەتا ئێستا ڕوون نییە.

حکوومەتی ئێران هەمیشە لە ڕوانگەیەکی ئەمنییەتییەوە چاوی لە کوردستان کردووە و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی شنۆ، مەریوان، پیرانشار، سەردەشت و سەقز، شایەتی ڕەوانەکردنی چەکوچۆڵی قورس بۆ سنوورەکانی نێوان کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە لایەن سپای پاسدارانەوە بوون.