شارۆمەندێکی‌ ئێرانی‌-بریتانیایی لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ بریتانیا قۆڵبەست کرا

16:37 - 20 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: \"نازەنین زاغێری\" شارۆمەندی‌ ئێرانی‌-بریتانیایی، مانگی ڕابردوو، لەگەڵ کچەکۆرپەکەی لە کاتی چوونەدەرەوە لە ئێران، دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، \"نازەنین زاغێری\" شارۆمەندی‌ ئێرانی‌-بریتانیایی، مانگی ڕابردوو لەگەڵ کچەکۆرپەکەی لە کاتی چوونەدەرەوە لە ئێران و گەڕانەوەی بۆ بریتانیا، قۆڵبەست کرا و بۆ زندان بەڕێ کرا.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٥ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا، لە فڕۆکەخانەی تاران دەستبەسەر کراوە.

ماڵپەڕی هێرانا بڵاوی کردەوە کە؛ بنەماڵەی \"نازەنین زاغێری\" بەهۆی گوشار هێنانی سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئێران بۆ ئەو خانمە دەستبەسەر کراوە، سکاڵایان تۆمار کردووە و ڕایانگەیاندووە کە سپای پاسداران لە نازەنیی ویستووە کە چەند ڵاپەڕەیەک واژۆ بکات.

کاربەدەستانی دادوەری یان وەزارەتی‌ ئیتڵاعات و سپا، تاکوو ئێستا هیچ هەواڵێکیان سەبارەت بەم بابەتە بڵاو نەکردۆتەوە و هۆکاری دەستبەسەر کرانی \"نازەنین زاغێری\"یش ڕوون نیە.

هاوسەری ناوبراو خەڵکی بریتانیایە و هەربۆیەش لە هەندێ لە هەواڵەکاندا، بە ناوی \"نازەنین زاغێری ڕێتکلیف\" ناوی لێ براوە. نازەنین تەمەنی ٣٧ ساڵە و لە ڕێکخراوی \"تامسۆن ڕۆیتێرز\"دا، لە ساڵی ٢٠١١وە، وەکوو بەرپرسی پڕۆژەکان چالاکی هەبووە.

\"نازەنین زاغێری\" لە ساڵی ٢٠٠٤ وە، لە شاری لەندەن، چالاکیی خۆی لەگەڵ ڕێکخراوی خاچی سووردا دەست پێ کرد و بەدوای ئەوەشدا، بۆ ماوەی ٣ ساڵ لەگەڵ ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی هاوکاریی کردووە.