شاخەوانێکی کرماشانی بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی گیانی لەدەست دا

20:32 - 31 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: شاخاوانێکی کوردی خەڵکی شاری \" کەنگاوەر\"ی سەربە ئوستانی کرماشان و بەرپرسی کۆمیتەی ئەشکەوتەوانیی ئوستانی کرماشان بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوەتی ٣٠ی خاکەلێوە \"رەزا جەعفەری\" تەمەن ٤٤ ساڵ، شاخەوانی کوردی خەلکی کەنگاوەر لە کاتی سەرکەوتن لە بەرزاییەکانی چیای بیستوون\"ی کرماشان تووشی رووداوی کەوتنە خوارەوە بوو و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

ئەو شاخەوانە کوردە هەتا ئیستا بەسەر چیاکانی \"کەرکسین، عەلەم کوه، دەماوەند، ئەلوەند، سەهەند و سەبەلان\"دا سەرکەوتووە.

ناوبراو لە کاتی روودانی ئەو رووداوەدا هاوڕی لەگەڵ تیمی شاخەوانیی ئارمان \"مانگی سوور\"ی کرماشان لە حاڵی سەرکەوتن بۆ سەرچیای \"بێستوون\"دا بووە.

پێشتریش شاخەوانێکی خەڵکی کەنگاوەر بەناوی دکتور \"کامبیز شەریف‌زادە\" هەر لەو شوێنەوە تووشی کەوتنە خوارەوە هاتبوو و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست دابوو.