شاخەوانێکی سنەیی، چیای ٧٠١٠ میتریی "خانتنگری"ی قرقیزستانی بڕی

16:46 - 20 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: شاخەوانێکی کورد لە شاری سنە، بۆ پشتیوانی لە منداڵانی تووشبوو بەنەخۆشیی شێرپەنجەی ئوستانی کوردستان، بەسەر چیای \"خاننگری\"ی وڵاتی قرقیزستاندا سەرکەوت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"سیروان ئەحمەدی\" شاخەوانی کوردی خەڵکی شاری سنە و ئەندامی تیمی شاخەوانیی \"ئارەش\" بەبێ پشتیوانیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران چیای ٧ هەزار و ١٠ میتریی خانتنگریی وڵاتی قرقیزستانی بڕی.

ئەحمەدی رایگەیاندووە، کە چوونی بۆ وڵاتی قرقیزستان و سەرکەوتن بەسەر چیای \"خانتنگری\"یدا ٤٠ میلیۆن تمەن تێچووی هەڵگرتووە ، بۆیە بەناچاری ٢٠ میلیۆن تمەن \"وام\"ی لە یەکێک لە بانکەکان وەرگرتووەو دەبێ مانگی ٨٠٠ هەزار تمەن بەو بانکە بداتەوە.

سیروان ئەحمەدی کە رۆژی پێنج‌شەممەی رابردوو گەرایەوە شاری سنە، تەنیا لەلایەن بنەماڵە و هاوڕێکانییەوە پیشوازی لێکرا.

ئەو شاخەوانە کوردە هاوڕێ لەگەڵ \"حەمید مەحموودی\" ئەندامی تیمی شاخەوانیی \"ئێسپلیت\"، مورتەزا عەتری\" شاخەوانی خەڵکی یەزد، موعین ئیسفەهانی خەڵکی زەنجان و بە سەرپەرستیی \"حەسەن نەجاڕیان\" بە چیای ٧٠١٠ میتریی خانتنگریی وڵاتی قرقیزستاندا سەرکەوتووە.

پێشتریش ماڵپەڕی \"مێهر\" بڵاوی کردەوە، لەکاتی بەرێ کردنی ئەو شاخەوانە کوردەدا نەتەنیا هیچکام لە بەرپرسانی ئیدارەی وەرزش و لاوانی کوردستان بۆ بەرێ کردنی ئەو وەرزشکارە کوردە نەهاتبوون، بەڵکوو ئیدارەی شارەوانیش بەبیانووی جۆراوجۆر پوستێری ئەو شاخەوانەی لە شەقامەکان هەڵکەندبوویەوە و دواتریش بۆ هەڵواسینی پوستێر و پلاکاردانی ناوبراو داوای بڕە پارەیەکی کردبوو.

سیروان ئەحمەدی ساڵی ٦١ لە شاری سنە لە دایکبووە و ساڵی ٧٦ بۆتە ئەندامی تیمی شاخەوانیی گوڵان و لە ساڵی ١٣٧٨ـەوە ئەندامی فەرمیی تیمی شاخەوانیی \"ئارەش\" لە شاری سنەیە.

ئەو شاخەوانە کوردە ساڵی ١٣٨٣ هاوڕێ لەگەل \"محەممەد هەوراز\" شاخەوانی ناوداری بەرزترین چیای ئێرانیان بڕی.