شاخەوانانی کورد بەسەر یەکێک لە بەرزترین چیای تاجیکستاندا سەرکەوتن

15:43 - 14 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: دووشاخەوانی کورد بە دروشمی رزگارکردنی کانیی بڵ و بەرزراگرتنی یادی قوربانیانی کارەساتی کیمیابارانی سەردەشت، یەکێک لە بەرزترین چیای وڵاتی تاجیکستانیان بڕی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاوان محەمەدزادە و سەید واسح سەید مووسەوی، دوو شاخەوانی کوردی خەڵکی شارەکانی سەقز و سنە، لە قاڵبی تێمێکی دوو کەسیدا، بە چیای ٧١٠٦ میتریی \"کورژنفسکایا\"ی وڵاتی تاجیکستاندا سەرکەوتن.

\"21273.jpg\"
کاوان محەمەدزادە، شاخەوانی کوردی خەڵکی شاری سەقز
ئەو دوو شاخەوانە کوردە، کە رۆژی ١٢ی گەلاوێژ چیای کورژنفسکایای وڵاتی تاجیکستانیان بڕیووە، هەنووکە لە حالی گەڕانەوەدان و بریارە لە چەند رۆژی داهاتووشدا بەسەر چیای ٧ هەزار و ٤٩٥ میتریی \"کۆمۆنیزم\"دا سەربکەون.

کاوان محەمەدزادە و سەید واسح مووسەوی، کە بە دروشمی رزگارکردنی کانیی بڵ لە هەورامان و بەرزراگرتنی یادی قوربانیانی کارەساتی کیمیابارانی شاری سەردەشت ئەو چالاکییەیان ئەنجام داوە، رۆژی ٣٠ی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ وەکوو تێمێکی دوو کەسیی کوردستان روویان لە وڵاتی تاجیکستان کرد.

رزگار کردنی کانیی بڵ، کە یەکێک لە دروشمەکانی چالاکیی ئەو دوو شاخەوانە کوردە بووە، بەهۆی دروست کردنی بەنداوی داریانەوە مەترسیی لەناوچوونی لەسەرە و لە ئەگەری ئاوگیریی ئەو بەنداوە بە قووڵایی ١٠٠ میتر دەچێتە ژێر ئاو، کە ئەمەش ناڕەزایەتیی زۆری چالاکانی ژینگەیی لێکەوتۆتەوە.