سەید محەممەد حوسێنی، زیندانیی سیاسیی کورد بۆ شاری هەریس لە پارێزگای ئازەربایجانی شەرقی دوور خرایەوە

18:12 - 12 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی شەممە ١١ی پووشپەڕ، سەید محەممەد حوسێنی، زیندانیی سیاسیی کورد بۆ شاری هەریس لە پارێزگای ئازەربایجانی شەرقی دوور خرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ماوەی دوورخرانەوەی سەید محەممەد حوسێنی پاش تەسلیم بە ڕەی و بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەریی پێشوو، بە دوو ساڵ دوورخرانەوە کەم کراوەتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، سەید محەممەد حوسێنی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری نەغەدە بە دانانی بارمتەی قورس لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرابوو.

مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، سەید محەممەد حوسێنی لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر "غوڵامی" بە تۆمەتی "موحاربە" بە ٨ ساڵ دوورخرانەوە بۆ شاری هەریس سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی شەرقی مەحکووم کرابوو.

پێشتر ئەو زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی "محاربە" (دژایەتی لەگەڵ خودا) لە ڕێگای ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە ٤٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ مەحکووم کرابوو.

حوکمی ٤٠ ساڵ زیندان لە تەبعیدی سەید "محەممەد حوسێنی" بەهۆی کەموکوڕیی لێکۆڵینەوەکان لە دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشایەوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی دادگا کرایەوە و مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ دووبارە دادگاییەکردنی ئەو هاووڵاتییە لە دادگای مەهاباد بەڕێوە چووبوو.

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر "غوڵامی" لەگەڵ ئازادیی کاتیی سەید "محەممەد حوسێنی" زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی نەغەدە، بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەی دژایەتیی کردبوو.

سەید "محەممەد حوسێنی" پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران بووە و پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران، ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری ١٣٩٦، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.