سەید محەممەد حوسێنی بە ٨ ساڵ دوورخرانەوە بۆ شاری هەریس لە پارێزگای تەورێز مەحکووم کرا

16:44 - 20 رێبەندان 2721

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سەید محەممەد حوسێنی زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی شاری نەغەدە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر "غوڵامی" بە تۆمەتی "موحاربە" بە ٨ ساڵ دوورخرانەوە بۆ شاری هەریس سەر بە پارێزگای تەوریز مەحکووم کرا.

پێشتر، ئەو زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی "محاربە" واتە (دژایەتی لەگەڵ خودا) لە ڕێگای ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە ٤٠ ساڵ زیندانی و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ مەحکووم کرابوو.

حوکمی ٤٠ ساڵ زیندان لە تەبعیدی سەید "محەممەد حوسێنی" بەهۆی کەموکۆڕیی لێکۆڵینەوەکان لە دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشایەوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی دادگا کرایەوە و مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ دووبارە دادگاییەکردنی ئەو هاووڵاتییە لە دادگای مەهاباد، بەرێوە چووبوو.

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی سەرماوەز، لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر "غوڵامی" لەگەڵ ئازادیی کاتیی سەید "محەممەد حوسێنی" زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی نەغەدە، بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەی دژایەتیی کردبوو.

سەید "محەممەد حوسێنی" پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران بووە و پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران، ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری ١٣٩٦، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و هەنووکە لە زیندانی نەغەدە دایە.