سەپاندنی سزای زیندان و سزای نەختی بە سەر ٦ خۆپیشاندەر لە شاری سەردەشت
٦ کەس لە خۆپیشاندەرانی ئەم دواییانەی کوردستان و ئێران لە شاری سەردەشت، بە ٣ ساڵ و ٤ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی تەعزیری، لێدانی ١٤٨ قامچی و ٧٥٠٠٠٠٠ تمەن سزای نەختی مەحکووم کران.
ئەو شەش هاووڵاتییە بە ناوەکانی "ئارام تۆبەکار" تەمەن ٢٣ ساڵ کوڕی عەبدولکەریم، "سۆران سلێمانپوور" تەمەن ١٧ ساڵ کوڕی محەممەد، "ئارمین مەولانی" تەمەن ١٨ ساڵ کوڕی ئەمیر، "شەهریار حەسەنپوور" تەمەن ٢١ ساڵ کوڕی ئەمین، "پێشەوا ئەحمەدی" تەمەن ١٦ ساڵ کوڕی عەزیز و "ئارمان تۆبەکار" تەمەن ٢١ ساڵ کوڕی عەبدولکەریم، خەڵکی شاری سەردەشت ڕاگەیەندراوە.
ئەو ٦ خۆپیشاندەرە لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١، لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماورییەکانی خەڵک لە شاری سەردەشت، دەسبەسەر کرابوون.
بەپێی ئەو حوکمە، "ئارمان تۆبەکار" بە ٢ ساڵ و یەک ڕۆژ زیندانی تەعزیری، "شەهریار حەسەنپوور" و "ئارام تۆبەکار" هەر کامیان بە ٨ مانگ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٧٤ قامچی، "سۆران سلێمانپوور"، "پێشەوا ئەحمەدی" و "ئارمین مەولانی"، هەر کامەیان بە ٢٥٠٠٠٠٠ تمەن سزای نەختی مەحکووم کراون.
تۆمەتی ئەو ٦ کەسە تێکدانی نەزمی گشتیی و شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی حکوومەت ڕاگەیەندراوە.
ڕێکەوتی ٤ی خەزەڵوەر ئەو حوکمە لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی شاری سەردەشت بەسەر ئەو شەش هاووڵاتییەدا سەپێندراوە.