سەوڵاوا/ گیان لەدەست دانی کۆڵبەرێکی کورد بەهۆی تەقینەوەی مین

14:21 - 6 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ناوچەی سەوڵاوا لە ئەنجامی تەقینەوەی مین لە سنووری هەرێمی کوردستان، بە توندی بریندار و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو شەو پێش ئیستا هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی \"دزڵی\" بەناوی \"فەرەیدوون کەریمی\" کوڕی محەممەد لە چیای داڵانی کەوتۆتە سەرمینی چێندراوی شەڕی ٨ ساڵی ئێــران و ئێــراق و لە ئەنجامدا بەتوندی بریندار و پاش دوو رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە کوردە لە ترسی تەقەی هێــزە نیزامییەکانی پاسگای داڵانی لەسەر سنوور، رێگەی لێ هەڵە بووە و بەو هۆیەوە بە نێو مینە چێندراوەکاندا تێپەڕیوە کە لە ئەنجامدا گیان لەدەست دانی ناوبراوی لێکەوتۆتەوە.

دەگوترێت کە مەئموورانی پاسگای داڵانی لە دوو رۆژی رابردوودا چەندین جار بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە \"فەرەیدوون کەریمی\" سەردانی نەخۆشخانەیان کردبوو.

بە وتەی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە، هەتا ئێستا ١٠هاووڵاتیی کورد تەنیا لەو شوێنە بەناوی \"هانەو داڵانی\" بە هۆی تەقینەوەی \"مین\"ـەوە گیانیان لەدەست داوە.