سەنتەری هاوبەشی لوڕ مێهرەجانی شێعری کوردی بەرێوە دەبات

16:21 - 29 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: سەنتەری هاوبەشی لوڕ بۆ یەکەمجار مێهرەجانی تایبەت بە شێعری کوردی بۆ شاعیرانی هەر چوار بەشی کوردستان بەڕێوە دەبات.

بەرێوەبەری سەنتەری هاوبەشی لوڕ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، بۆ بەڕێوە بەردنی ئەو مێهرەجانە لە راگەیاندراوێکدا داوامان لەسەرجەم هەڵبەستوانانی کورد کردووە کە بە مەبەستی بەشداری کردن بەرهەمەکانیان رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی مێهرەجان بکەن.

\"14750.jpg\"
سیروان جەلال،بەرێوەبەری سەنتەری هاوبەشی لوڕ
سیروان جەلال ئەوەشی خستەڕوو، شاعیرانی بەشدار لەو مێهرەجانەدا دەبێ بە جلوبەرگ و زاراوەی ناوچەی خۆیانەوە شێعرەکانیان بخوێننەوە کە دواتر سەرجەم شێعرەکانی بەشدار لەو مێهرەجانە چاپ دەکرێن و لە قاڵبی کتێبێکدا بڵاو دەبێتەوە.

ئەو ئەندامەی لێژەنەی باڵای مێهرەجان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەودەقە شێعریانەی کە رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی مێهرەجان دەکرێن، نابێت بەشداری لە هیچ فێستیڤاڵ، دیدار و میهرەجانێکدا کردبێت، ناشبێت لە هیچ جێگەیەکی دیکەدا بڵاو کرابێتەوە.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، شاعیرانی بەشدار دەتوانن هەتا رێکەوتی ٢٤ی خەرمانان بەرهەمەکانی خۆیان لە ریگەی \"ئیمەیل\" یان \"C.D\"ـەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی مێهرەجان بنێرن کەلەل لایەن لێژنەیەکی ٣ کەسییەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.

سیروان جەلال ناوی ئەندامانی ئەو لێژنەیەی نەدرکاند، بەڵام رایگەیاند کە ئەندامانی ئەو لێژنەیە ١ کەس بە نوێنەرایەتیی باکوور و رۆژئاوای کوردستان دەبێت و لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستانیش هەرکام ١ کەس وەک ئەندامی ئەو لێژنەیە دیاری دەکرێن.