سەلاس باوەجانی؛ هاووڵاتییەک بە تەقەی هێزەکانی سپا بریندار کرا

10:25 - 18 رێبەندان 2721

ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕێبەندان، هێزەکانی سپای پاسداران ماشینی هاووڵاتییەکیان داوە بەر دەسڕێژی گوللـه و لە ئاکامی تەقەی ئەو هێزانە، هاووڵاتییەک بە ناوی "مازیار عەزیزی" کوڕی ئەحمەد خەڵکی گوندی "بانینار" سەر بە شاری سەلاس باوەجانی بریندار کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی سپا بێ ئاگاداریی پێشوو و هۆکارێکی ڕوون لە نێوان گوندی "شێخ سڵە" و "بانینار"، تەقەیان لەو هاووڵاتییە کوردە کردووە.

ئەو سەرچاوەیە ڕاگەیاندووە ئەو هاووڵاتییە بەهۆی تەقەی هێزەکانی سپا لەلای لاقییەوە بە توندی بریندار بووە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان کراوە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کردووە هەروەها هاووڵاتییەک بە ناوی "فەرەیدوون ڕەحیمی" کوڕی حوسێن خەڵکی گوندی "بانینار" لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کراوە.