سەلاح پزیشکی بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا

11:01 - 1 رەشەمه 2721

ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەلاح پزیشکی" خەڵکی شاری بانە، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕێبەندان، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانی لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان ناوبراویان بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" تۆمەتبار کردبوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، سەلاح پزیشکی بەبێ بەڵگەی یاسایی بە لێدان و بێڕێزی پێکردن لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.