سەلاح بەهرامییان پاش تەواوبوونی ماوەی مەرەخەسییەکەی گەڕایەوە زیندانی شنۆ
ڕۆژی شەممە ٦ی خاکەلێوە، "سەلاح بەهرامییان" زیندانیی سیاسیی خەڵکی گوندی "گوندەوێڵە"ی شاری شنۆ، پاش تەواوبوونی ماوەی مەرەخەسییەکەی گەڕایەوە زیندانی شنۆ.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، ئەو زیندانییە سیاسییە بەهۆی بەرزبوونەوەی زەختی خوێنی لە ئەنجانی نەخۆشیی دڵی، لە زیندانی شنۆ هاتبووە مەرەخەسی.
سەلاح بەهرامییان جارێکی دیکە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، لە زیندانی شنۆ هاتبووە مەرەخەسی و ڕۆژی هەینی ١٣ی ڕێبەندان، پاش تەواوبوونی مەرەخەسییەکەی گەڕابووەوە زیندانی شنۆ.
ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی ڕێبەندان ساڵی ١٤٠٠، ئەو هاووڵاتییە بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی، خۆی بە زیندانی شنۆ ناساندبوو.
مانگی خەرمانانی ساڵی ١٤٠٠، لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوە لە ورمێ، حوکمی دوو ساڵ زیندانی ئەو هاووڵاتییە کوردەی پشتڕاست کردبووەوە.
لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری شنۆ، بە سەرۆکایەتی دادوەر "ڕەزایی" ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کردبوو.
ئەو حوکمە ڕۆژی شەممە ٢ی گەلاوێژ ساڵی ١٤٠٠ بەو هاووڵاتییە کوردە ڕاگەیەندرابوو و سەلاح بەهرامییان بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و لە تۆمەتی وەپاڵدراوی "تەبانی دژی نیزام" بێتاوان ناسرابوو.
کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ١ی پووشپەڕی ١٤٠٠، لە دادگای ئینقلابی شاری شنۆ بەڕێوە چووبوو.
سەلاح بەهرامییان ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٠، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و دواتر بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری ورمێ کرابوو.
ڕێکەوتی ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٠، ئەو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.