سەلاح بەهرامییان بۆ جیبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرا

10:39 - 14 رێبەندان 2721

ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەلاح بەهرامییان" خەلکی گوندی "گوندەوێڵە" سەر بە شاری شنۆ، بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی، خۆی بە زیندانی شنۆ ناساند.

مانگی خەرمانانی ئەمساڵ، لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوە لە ورمێ، حوکمی دوو ساڵ زیندانی ئەو هاووڵاتییە کوردەی پشتڕاست کردبووەوە.

لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری شنۆ، بە سەرۆکایەتی دادوەر "ڕەزایی" ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کردبوو.

ئەو حوکمە ڕۆژی شەممە ٢ی گەلاوێژ، بەو هاووڵاتییە کوردە ڕاگەیەندرابوو و سەلاح بەهرامییان بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و لە تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی "تەبانی دژی نیزام" بێتاوان ناسرا.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ١ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لە دادگای ئینقلابی شاری شنۆ بەڕێوە چووبوو.

سەلاح بەهرامییان ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و دواتر بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری ورمێ کرابوو.

ڕێکەوتی ١٣ی بانەمەڕی ئەمساڵ، ئەو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.