سەقز/ نۆیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی موجتەبا میرزادە، بەرز راگیرا

15:11 - 28 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لە شاری سەقز لە کۆڕیادێکداو بە ئامادە بوونی ژمارەیەک لە چالاکی فەرهەنگی و ئەدەبیی کورد، ساڵیادی کۆچی دوایی موجتەبا میرزادە ژەنیاری ناوداری کورد، بەرز راگیرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنج‌شەممەی رابردوو رێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕ، لەلایەن فەرهەنگسەرای نەکەرۆز لە شاری سەقز، ساڵیادی کۆچی دوایی موجتەبا میرزادە مۆسیقاری بلیمەت و هەڵکەوتووی کورد، کرایەوە.

لەو کۆڕیادەدا، چەندین وتار لەسەر توانا و بەرهەم و کاریگەریی مامۆستا موجتەبا میرزادە، لەلایەن مامۆستا عەلی عابدی هونەرمەندی ناسراوی کورد، موهەندیس دڵزار عابدی و خاتوو سۆما بادامی خوێندکاری رشتەی ئەهەنگسازیی زانستگەی تاران، خوێندرانەوە.

لە دریژەی ئە وکۆڕیادەدا بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمیک کەسایەتی و رۆڵی هونەریی مامۆستا میرزادە خرایە بەر لێکدانەوەو چەند بەرهەمێکی ئەو هونەرمەندە کۆچکردووە بە شێوەی پڕۆژێکشێن و لە رەهەندی جیاوازەوە هەڵسەنگاندن و تاوتوێ کران.

ئەم کۆڕیادە، کە رۆژی پێنج‌شەممەی رابردوو لەلایەن فەرهەنگسەرای نەکەرۆزەوە رێکخرابوو، پێنجەمین جار بوو کە لەسەر ئەرکی مامۆستا عەلی عابدی هونەرمەندی ناسراوی کورد لە شاری سەقز بەرێوەدەچووە.

بەرێوەبەرانی کۆڕیادەکە لە کۆتاییدا داوایان لە چالاکانی فەرهەنگی و هونەرمەندانی کورد کردووە، کە بە مەبەستی زیاتر بەرز نرخاندنی بەرهەمەکانی مامۆستا موجتەبا میرزادە و زیاتر ناساندنی بە نەتەوەی کورد و خەڵکی غەیرە کورد، لە ساڵانی داهاتوودا بۆ بەڕێوە بردنی کۆریادی شیاوتر و مەزنتر، یارمەتیدەریان بن.

هونەرمەندی ناوداری کورد، دەستێکی باڵای لە ئاهەنگسازی بۆ هونەرمەندانی وەک حەسەن زیرەک، مەزهەر خالقی، تایر تۆفیق، عەلی مەردان و رەزا سەقایی و چەندین گۆرانیبێژی ئێرانی وەکوو موعین، گووگووش، لەیلا فروهەر، ئومید هایدە، گوڵپایگانی و داریووش کردووە.

میرزادە موزیکی زیاتر لە ٣٥ فیلمی نووسیوەو توانیویەتی خەڵاتی \"سوپاس\"، کە بە گەورەترین خەڵاتی وڵاتی ئێران ئەژمار دەکرێت، بەدەستی بێنیت.

موجتەبا میرزادە ژەنیاری ئامێرەکانی، ڤیۆڵۆن، کەمانچە و سێ تار بووەو بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندە کوردە بە شاکارەکانی مۆسیقای کوردی دادەندرێن.

\"21063.jpg\"
ئەو هونەرمەندە ساڵی ١٣٢٤ لە کرماشان لە دایک بووەو لە تەمەنی ٣ ساڵیدا خولیای مۆسیقا بووەو بەو ئامێرێک، کە خۆی بە ژێر پیاڵە و چەند تاڵە سیمێک و تیغ، دروستی کردبوو، حەزی فێربوونی خۆی بە مۆسیقا نیشان دا.

موجتەبا میرزادە، کە بەبێ مامۆستا و بە کەڵک وەرگرتن لەو مۆسیقایانەی کە ئەو کات لە رادیۆ تەلەفزیۆن بڵاو دەبوونەوە، \"مۆسیقا و نۆتە نووسراوەکانی لەگەڵ یەکدا بەراورد کردووە\" و بەم شێوەیە، پاش چەندین ساڵ کاری تاقەت پڕووکێن فێری \"نۆت\"ـەکانی مۆسیقا بووەو پاش ماوەیەکی کورت لە رکابەریی ئۆردووی رامسەردا بەشداری کرد و لە رشتەی ژەنیاری ڤیۆڵۆندا پلەی یەکەمی بەدەست هێنا.

میرزادە ساڵی ١٣٣٩ هاوکاریی رادیۆ کرماشانی کردووەو لە ساڵەکانی ١٣٤١ و ١٣٤٢ی هەتاویدا چەندین بەرهەمی مۆسیقایی لەگەڵ مامۆستا حەسەن زیرەک لە رادیۆ کرماشان تۆمار کردووە.

سەرئەنجام، مامۆستا میرزادە، رێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی و لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا و پاش تەمەنێک خولقاندنی شاکاری هونەری و مۆسیقایی، دڵی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی لە ژیان و هونەر و مۆسیقا کرد.
\"21062.jpg\"

\"21047.jpg\"

\"21048.jpg\"

\"21049.jpg\"

\"21050.jpg\"