سەقز/ ئازاد کرانی زیندانییەکی سیاسیی کورد پاش تەواو بوونی حوکمەکەی

13:24 - 30 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سەقز، پاش تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەی لە زیندان ئازاد کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانییەکی سیاسیی کورد بەناوی \"محەممەد عەزیزی\" تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی گوندی \"کاومەلە\"ی شاری سەقز پاش نزیک بە ٥ ساڵ راگیران لە زیندانی ئەو شارە، لە رۆژانی حەفتەی رابردوودا لە زیندان ئازاد کرا.

محەممەد عەزیزی سەرەتای زستانی ساڵی ٨٧ لە گوندی مەرخوزی ناوچەی گەورکی سەقز دەستبەسەر کرا و دواتر لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە حوکمی ٦ ساڵ زیندانی تەعزیریی بەسەردا سەپا و دواترئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرایەوە و پاشان لە دیوانی باڵای وڵات حوکمەکەی بۆ ٥ ساڵ کەم کرایەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە پێشتریش بە تاوانی ئەندامەتی لە حێزبێكی كوردیی ئۆپۆزسیۆنی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران حوکمی سێدارەی بۆ بڕایەوە، بەڵام دواتر لەلایەن دەزگای قەزاییەوە حوكمەكەی بۆ ١٥ ساڵ زیندانی کەم کرایەوە و سەرئەنجام پاش تێپەڕاندنی ٨ ساڵ لەو پازدە ساڵە لە زیندانی مەراغە ئازاد کرا.

هەروەها \"جەماڵ عەزیزی\" برای محەممەد عەزیزیش کە زستانی ١٣٨٧ دەستبەسەر کرابوو، ١ ساڵ زیندانی تەعزیری بەسەردا سەپا و پاش تێپەڕاندنی حوکمەکەی لە زیندان ئازاد کرا.