سەقز/کتێبێکی تایبەت لەسەر مۆسیقای کوردی چاپ و بڵاوکرایەوە

21:36 - 16 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: کتێبێکی تایبەت بە موسیقا و ئاوازی کوردی، لەلایەن فەرهەنگسەرای نەکەرۆزەوە لەشاری سەقز چاپ و بڵاو کرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ کتێبی \"زایەڵە\" لەنووسین و ئامادەکردنی مامۆستا عەلی عابدی چاپ و بڵاو کرایەوە و کەوتە بەردیدی ئۆگرانی هونەر و مۆسیقای کوردی.

ئەو کتێبە ٣١ ئاوازی کوردی لەخۆ گرتووە لەسەر ئامێرەکانی تار، سێ‌تار و سەنتوور نووسراوەوە.

\"19837.jpg\"
مامۆستا عەلی عابدی، هونەرمەندی کوردی خەڵکی شاری سەقز
سەرچاوەیەکی ئاگادار بەهەواڵنێری کوردپای راگەیاند، ئەو بەرهەمە پێشتر لەلایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی تارانەوە ئیزنی بڵاوبوونەوەی پێنەدرابوو، بەڵام دواتر بەهۆی بەدواداچوون و پێداگری مامۆستا عەلی عابدی‌یەوە، مۆڵەتی چاپی پێدراوە.

مامۆستا عەلی عابدی هەتا ئێستا چوار کتێبی بەناوەکانی \"بەتەنیا جێم مەهێڵن، لەدڵمایە، ژیلان و زایەڵە\" چاپ و بڵاو کردووەتەوە و چەندین بەرهەمی دیکەشی ئامادی چاپ کردنە.

ئەو هونەرمەندە کوردەی خەڵکی شاری سەقز، و لە ساڵی ١٣٦٣ هەتاوییەوە دەستی بە هۆنینەوەی شێعر کردووە و لە ساڵی ١٣٦٥ی هەتاویشەوە بە مامۆستایەتی موجتەبا میرزادە فێری ژەنینی ئامێری ویۆڵۆن بووە و کاری ئاوازدانانی بۆ ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندانی کورد کردووە.
\"19836.jpg\"