سەقز؛ عەتا ڕەحمانزادە بە ١١ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

11:15 - 4 خەرمانان 2721

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەتا (شەماڵ) ڕەحمانزادە" خەڵکی شاری سەقز، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ١١ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئەو هاووڵاتییە پێشتر لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە، بە ١١ مانگ زیندان مەحکووم و ئەو حوکمەش لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرابووەوە.

عەتا ڕەحمانزادە لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی، دەبیت خۆی بە زیندانی سەقز، بناسێنێت.

"عەتا (شەماڵ) ڕەحمانزادە"، ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕێبەندانی ٩٩، پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە لە گرتنگە ئازاد کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ۲ی ڕێبەندانی ٩٩، ئەو هاووڵاتییە، لە ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە سووکایەتیکردنی دەنگوڕەنگی حکوومەتی ئێران بە جلوبەرگی کوردی، لە مەیدانی "هەڵۆ"ی سەقز بە جلوبەرگی کوردییەوە ئامادە بوو کە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرابووەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، مانگی بانەمەڕی ۹۷، لە لقی ۱ی دادگای ئینقلابی سەقز بە تۆمەتی "پروپاگەندە دژی نیزام"، بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو و لە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی"، بێتاوان ناسرابوو.

پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە حوکمە داسەپاوەکەی، ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی سنەوە، بە سێ مانگ زیندانی تەعزیری گۆڕدرا و پشتڕاست کرابووەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ۲۷ی بەفرانباری ۹۷، عەتا ڕەحمانزادە بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی، بۆ زیندانی ناوەندیی سەقز ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ٤ی ڕەزبەری ۹٦، پاش بەشداری لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز کرابوو.

ناوبراو پاش یەک مانگ دەسبەسەری، بە دانانی بارمتەی ۷۰ ملیۆن تمەنی لە زیندانی ناوەندیی سەقز بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.