سەقز؛ زانکۆ مەسعوودی دووبارە دەسبەسەر کرایەوە

11:50 - 18 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی خاکەلێوە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "زانکۆ مەسعوودی" کوڕی ڕەسووڵ خەڵکی گوندی "مەڵقەرەنیـ"ـی شاری سەقز، دووبارە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرایەوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی ئەو هاوووڵاتییە و پاش بێڕێزی بە ئەندامانی بنەماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو، لە هۆکاری دەسبەسەریی ئەو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە زانیارییەکی ئەوتۆ لەبەردەستدا نییە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٠، زانکۆ مەسعوودی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا و ڕۆژی شەممە ٧ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی هەتا کاتیی دادگاییەکەی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو.