سەقز؛ دوو هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

10:42 - 11 رێبەندان 2721

ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندان، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "زەمانە زیویە" و "مێقداد (کاردۆخ) حەسەن‌نژاد" خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە بێئاکام ماوەتەوە.

زەمانە زیویە خوێندکاری دەرچووی "حقووق" لە زانکۆی پەیام ‌نووری شاری سەقز ساڵی ٩٦ بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە گشتپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

زەمانە زیویە،  لە دادگای ئینقلابی شاری سەقز هەر بەم تۆمەتە دادگایی کرابوو و بە ٥٠ قامچی و یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن پارەی نەختی مەحکووم کرابوو.

سزای نەختیی زەمانە لە لایەن دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کراوەتەوە و حوکمی لێدانی ٥٠ قامچیی ناوبراو بۆ ماوەی سێ ساڵ بە هەڵواسراوەی ماوەتەوە.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری گیران و تۆمەتی دژی ئەو دوو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.