سەعید شێزاد و زانیاری مورادی : بەربەرکانێی خەڵکی عەفرین وەک کۆبانی حەماسە خوڵقێنە

14:51 - 10 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو زیندانیی سیاسیی کورد، لە گرتووخانەی ناوەندیی ڕەجایی‌شاری کەرەج لە نامەیەکدا هێرشی ئەرتەشی تورکیە بۆ سەر شاری عەفرین لە کوردستانی سووریە مەحکووم دەکەن.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، لەو نامەیەدا وێڕای مەحکووم کردنی هێرشی تورکیە بۆ سەر شاری عەفرین، لەگەڵ خەڵکی ئەو شارە هاودەردیان کردووە.

دەقی تەواو ئەو نامەیە کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە بەم چەشنەیە:

بەربەرکانێی خەڵکی شاری عەفرین وەک کۆبانی حەماسە دەخوڵقێنێت!
بەربەرکانێی خەڵکی شاری عەفرین بەربەرەکانێی کۆبانی و چارەنووسی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە وەکوو هاوشێوەی داعش لە شاری کۆبانییە.

بەداخەوە ئەرتەشی تورکیە هێرشی بەربڵاوی نیزامیی خۆی بە کەڵکوەرگرتن لە گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان دەباتە پێشەوە، ئەوە یەکەمجار نییە کە دەوڵەتی تورکیە لە ڕاستییەکان چاوپۆشی دەکات و خەڵکی بێتاوان دەکاتە ئامانجی گوللە و خومپارە و ئەم هێرشانە نیشانەی شکستی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیە لە ناوچەکەیە.

کانتۆنی ڕۆژئاوا (کوردستانی سووریە) نموونەی بەرچاوی کۆمەڵگای دێموکراتیک، نموونەی پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی تەواوی نەتەوە و کەمینەنەتەوەکانە کە دەتوانێ نموونەیەکەی بەرچاو بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، بەڵام بەداخەوە پاش ئەو هێرشە کە بە هاماهەنگی وڵاتانی دراوسێ ڕووی داوە، لەگەڵ بێدەنگی شەرمێونانەی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بەڕەوروو بووەتەوە.

ئێمە وەک زیندانییانی سیاسیی زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج وێڕای مەحکووم کردنی هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر کانتۆنی عەفرین، هاودەری خۆمان ڕادەگەیەنین و دڵنیان کە ئیرادەی پۆڵاینی خەڵکی عەفرین ئەو هێرشە داگیرکەرانە شکست دەدات و جارێکی دیکە حەماسە دەخوڵقێنن.