سەعید شێرزاد \"ممنوع ملاقات\" کرا

15:11 - 10 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەی یەکێک لە زیندانیانی سیاسی کورد لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج لە چاوپێکەوتن لە گەڵ کوڕەکەیان بێبەری کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوار شەممەی ڕابردوو، سەعید شێرزاد زیندانی سیاسی لە سەر بڕیاری دۆزگەری شاری کەرەج، لە هەر جۆرە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە چەند مانگی ڕابردوودا، هەر کات ویستوویانە سەردانی کوڕەکەیان لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بکەن لەگەڵ بیانوو و بێڕێزی بەرپرسانی زیندان ڕوو بەڕوو دەبوونەوە.

بەپێی ئەم هەواڵە بەرپرسانی زیندان بەبێ هیچ روونکردنەوەیەک لە سەر ئەو بریارە بە بنەماڵەی شێرزادیان ڕاگەیاندووە، کە مافی چاوپێکەوتنیان لە سەعید شێرزاد نیە.

ڕۆژی چوار شەممە یەکێک لە براکانی سەعید شێرزاد بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە سەردانی زیندانی ڕەجایی کەرەجی کردبوو، بەڵام بەرپرسانی زیندان ئیزنی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ سەعید شێرزاد پێ نەدابوو.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە تەمەن ٢٩ ساڵەیە خەڵکی شاری کرماشانە و پێشتر و هاوکات لەگەڵ مانگرتنی لە خواردن، تووشی ئازاری گورچیلە و دابەزینی کێش و زەختی خوێن بووە.

سەعید شێرزاد لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٣ی هەتاوی دەستبەسەر و لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی شاری تاران بەسەرپەرەستی دادوەر سەڵەواتی بە تۆمەتی \" کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژ بە تەناهیی نەتەوەیی\" سزای ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.