سەعید سەنەندجی: چالاکێکی مافی مرۆڤ پێویستە لەنێوان هەڵوێستی ماف‌تەوەرانەی خۆی لەگەڵ چالاکێکی سیاسی جیاوازی دابنێت

 

چالاکێکی مافی مرۆڤی کورد لە وتوێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا دەڵێت، کە بەشێکی بنەڕەتیی ئەرکەکانی ئایینی ئیسلام دژایەتی لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ هەیە و جەخت لەوەش دەکات، فەرهەنگ‌سازی و ئولگووسازی باشترین شێوەی رکابەری لەگەڵ نایەکسانی‌یە رەگەزییەکانە.
سەعید سەنەندجی، کە مانگی رابردوو دەست لەکار کێشانەوەی خۆی لە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان راگەیاند، سەربارەت بە چۆنیەتیی ناسیاویی خۆی لەگەڵ چەمکی مافی مرۆڤ و روانگەی ناوبراو لەسەر چالاکییەکانی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا پرسیاری لێکراوە.

دەقی وتوێژی ئاژانسی کوردپا لەگەڵ سەعید سەنەندجی لێردا بڵاو دەکرێتەوە:

کوردپا: هەنووکە باس لە نەسلی سێیەمی مافی مرۆڤ دەکرێت، کە لە مافە سیاسی و مەدەنییەکانەوە دەست پێ دەکات و بە تێپەربوون بەسەر دەستەبەر بوونی مافە کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئابوورییەکان، دەگاتە مافە ژینگەییەکان. چ دۆخێک بۆتە هۆی زاڵبوونی گوتاری ماف‌تەوەرانە لەسەر لایەنە جیاوازەکانی ژیانی مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی؟

سەعید سەنەندجی: گۆڕانکاریی ئاو و هەوا و هەروەها کۆنترۆڵ نەکرانی ئەو گۆرانکارییانە و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر گیان لەبەرانی سەر گۆی زەوی، بووە هۆی پێویستیی ئەم دیسکۆرسە ماف‌تەوەرانە بەسەر حکوومەت و هاووڵاتییانی سەر گۆی‌زەویدا. لە ماددەی یەکی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە کە، ئینسان مافێکی بنەڕەتیی بۆ ئازادی، بەرابەری و دۆخی شیاوی ژیان لەو ژینگەیەدا کە ئیزنی ژیانی بەختەوەرانە و تەژی لە ئاسایشی هەیە. ئینسان بە فەرمی بەرپرسایەتیی پاراستنی ژینگەی بۆ نەسلەکانی داهاتووی دەکەوێتە سەر شان.

بەپێی دەستەبەندییەکان، مافی دەستپێڕاگەیشتن بە ژینگەی شیاو و تەندروست، لە ریزبەندیی نەسلی سێیەمی مافی مرۆڤدا جێگەی دەبێتەوە. نەسلی سیێەمی مافی مرۆڤ لە درێژەی نەسلەکانی یەکەمدا وەکوو مافی مەدەنی و سیاسی و دووەمیش وەکوو مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی وەکوو مافی هاوپەیونەدی دەناسرێت. تایبەتمەندییەکی دیکەی نەسلی سێیەمی مافی مرۆڤ ئەوەیە کە ئەم مافانە، بە قەولی کارۆڵ واساک کە ئەم تیۆرەی خستبیتە ڕوو. واتە دەستەبەر بوونی ئەم مافانە پێویستیی بە هاوکاری و هەڵوێستی گشتی هەیە، کە دەولەت و کەسایەتی و چالاکانی مافی مرۆڤ لە خۆ بگرێت و جێبەجێ کردنیشی بەبێ ئەم هەوڵە گشتگیرە ئیمکانی نابێت.

هەبوون و دەستپێڕاگەشتن بە ژینگەی تەندروست، لە بەستێنی نێونەتەوەیی‌دا، بە گشتی پاش شەڕی جیهانیی دووەم لەلایەن کارناسان و سیاسەتوانانی نێونەتەوەییەوە هاتەئاراوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا لە بەیاننامەی جیهانیی مافی مرۆڤ و پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و پەیماننامەی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان تیایدا رەنگی نەدایەوە، بەڵام هاوکات کۆمەڵێک بەڵگە سەبارەت بە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە ژینگەی تەندروستی نێونەتەوەیی پەسند کرا.

لەگەڵ ئەمەشدا هیچ کۆنڤانسیۆنێکی جیهانی یان گشتی لە گۆرێدا نییە، کە دەوڵەتەکان ناچار بە لەبەرچاو گرتن و پابەندبوونی ناوەرۆکەکەی بکات.

کوردپا: لەوڵاتی ئێران کە پرسی مافی مرۆڤ دیتەگۆڕێ، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران وەکوو پێشێلکاری سەرەکیی و بنەڕەتیی مافی مرۆڤ لە قەڵەم ئەدرێت، لەبەرچی دەبێ ئەم سیستەم و نیزامە دژایەتیی مافی مرۆڤ بکات؟

سەعید سەنەندجی: دەتوانین بڵێین کە نە تەنیا لە ئێران بەڵکوو لە تێکڕای رۆژهەڵاتی ناڤیندا هیچکاتێک کۆمەڵگەی مەدەنی خویان نەبووەو ئەمەش راستەخۆ بۆ بالا دەستیی ئەو جۆرە سیستەم و حکوومەتانە دەگەڕێتەوە.

پێکهاتە و بینیاتی حکوومەتە دەستەڵاتداراەکان لە ئێران بەتایبەت لەماوەی سەد ساڵی رابردوودا، نە تەنیا لە بیاڤی سیستەمی سیاسییەوە، بەڵکوو لە رەهەندی کۆمەڵناسانەوە بەپێی بنیات‌گەرایی و سیستەمی پاوانخوازیی تاکەکەس بنیات نراوەو بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو سیستەمە پڕۆسەی نەتەوەسازی و یەکسان‌سازی هەوڵی دەستپێکی دەوڵەتانی زاڵ بەسەر ئێراندا بووە.

لە سیستەمی سیاسیی ئێستای ئێراندا، وا پیشان ئەدرێت کە هەر کەسێک مافی دیاریکراوی خۆی هەیە و ئەم مافە پێشتر لەلایەن دەستەڵاتەوە دیاریکراوە و ئازادیی تاکەکان بریتییە لەوەیکە ئینسان مافی ئەوەی هەیە، هەر کارێک، کە لەلایەن یاساوە رێگەپێداروە، ئەنجامی بدات و ئەو کارەشی کە یاسا قەدەغەی کردووە، لە بەرژەوەندی و قازانجی ئینساندا نییە. وەک ئاشکرایە یاسای حکوومەتی ئێران لەسەر بنەمای مەزهەب و ئۆمەت گەرایی دارێژراوە و ئەگەریش بەشێک لەو یاسایانەی کە پەسند کراون و هەتا رادەیەک پێگەی مافی مرۆڤییان هەیە، دەوڵەت خۆی لە جیبەجێ کردنی ئەو بەشە دەبوێرێت، چونکە ئازادی و مافی مرۆڤ دژایەتی لەگەڵ سیاسەتی یەکدەست کردن و ئۆمەتسازی هەیە.

کوردپا: بەگشتی مافی مرۆڤ وەکوو مافێکی زاتی و یونیورساڵ لە قەڵەم ئەدریت. کەوابوو چالاکێکی مافی مرۆڤی کورد، تورک، فارس، ئێرانی، پاکستانی و هتد ... لە روانگەی ئێوەوە دەبێ خاوەن چ تایبەتمەندییەک بێت؟

سەعید سەنەندجی: مافی مرۆڤ لەسەر جیهان‌تەوەریی ئەخلاقی و باوەڕمەندی بە کۆمەڵگەیەکی راستەقینەی جیهانی کە تێکڕای ئینسانەکان بەبێ جیاوازی رەگەزی و مەزهەبی لەخۆ بگرێت، پێداگری دەکات. هاتنە ئارای ئەم روانگەیە بە واتای بناغەی گۆڕانکاریی مافەکان، دەکرێ وا بنوێنێن کە لێکدانەوەی ئەم چەمکە هەتا گەیشتنی مرۆڤ بە دیاکریکردنی ئاکارێکی سەقامگیر و شیاو، کاریگەریی ئەرێنی دەبێت، چونکە چالاکی مافی مرۆڤ لە هەموو شوێنیکی جیهاندا هەتا گەیشتن بەم مافانە هاوکار و هاورێی یەکتر دەبن.

کوردپا: هێندێ کەس ئایینی ئیسلام بە دژبەری راستەخۆی مافی مرۆڤ دەزانن و هێندێک کەسیش، حورمەتی زاتیی ئینسان کە شاکلیلی تێگەیشتنی مافی مرۆڤە، بە چەمکێکی ئایینی و ئیسلام لە قەلەم ئەدەن. ئێوە لایەنگری لە کام لایەن دەکەن؟

سەعید سەنەندجی: باشتر وایە کە بۆ تێگەیشتن لەو جیاوازییە، لە نێوان بیر و بۆچوونە مەزهەبی و غەیرە مەزهەبییەکاندا نەگەڕێین، بەڵکوو بۆ ئەم مەسەلەیە دەبێ لە نێوان ئەو کەسانەی کە رێز بۆ مافی ئینسان دادەنێن و ئەو کەسانەشی کە پێشێلکاریی مافی ئینسانەکان دەکەن ئەم پرسە لێکبدەینەوە. بەم پێیە دەتوانین دژایەتیی نێوان مەزهەب و مافی مرۆڤ دیاری بکەین، چونکە هێندیک لێکدانەوە لە ئایینی ئیسلام لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ یەک دەگرنەوە و هێدێکیش لەگەڵ یەکتر لە دژایەتیدان. ئەو بەها و بایەخانەی کە لەگەڵ مافی مرۆڤ یەک ناگرنەوە بریتین لە: بەشی بنەڕەتیی ئەرک و تەوزیم (تکلیف). لە ئیسلامدا تاک بۆ ئەوەی مافەکانی بەدەست بێنێت، دەبێ هێندیک ئەرک قەبوول بکات، بەڵام لە ئەندێشەی مافی مرۆڤدا مافەکان لەسەرووی ئەرکەکانی تاکەوەن.

دەوڵەتە ئیسلامییەکان \"بەیاننامەی ئیسلامیی جیهان‌ تەوەریی مافی مرۆڤ\"یان لە کۆنفڕانسی وڵاتانی ئیسلامیدا پەسند کرد، کە لەوێشدا ئەم مەسەلەی ماف و ئەرکە جێگەی مشتومڕی کۆنفڕانسەکە بوو. لە دەستپێکی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە، ئیمانی ئینسان بە خواوەند، کە بۆ جیبەجێ کردنی ویستەکانی خواوەند لەسەر زەوی ئافرێندراوە، لە هەمبەر خواوەندا ئەرکدارن و ئینسانەکان ئەرک و تەوزیمیان لە پێشەوەی مافەکانیانەوەیە. هەروەها لە بەشیکی دیکەدا نووسراوە کە، عەقڵانییەت بە تەنیا و بەبێ ئیلهام وەرگرتن لە خواوەند توانایی ئەوەی نییە کە رێنوێنیی ئینسان وە ئەستۆ بگرێت و پێگەی ژنی بە هاوتای پێگەی ئیلاهی وەسف کردووە، بەڵام مافەکانی ژنی لە هەمبەر ئەرکەکانیدا، دەستنیشان کردووە.

کوردپا: بە لەبەر چاوگرتنی هەلومەرجی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان، خەسارناسیی گوتاری مافی مرۆڤ لە نێوان حیزبە کوردییەکاندا چۆن پێناسە دەکەی؟ (هێندیک لە حیزبەکان بە شکست و پاشەکەشە لە بیاڤی سیاسی و رۆچوون بە پرسی مافی مرۆڤدا تۆمەتبار دەکرێن).

سەعید سەنەندجی: لێرەدا پێویستەئاماژە بەم مەسەلە بکرێت، کە چەمکی مافی مرۆڤ هیچ جیگەیەکی بۆ پێناسە سیاسییەکان نەهێشتۆتەوە.

لە ئێستادا هێزێک (حیزب و رێکخراو) ، کە پێناسەی سیاسی و حیزبی لەم چەمکە دەخەنە روو کە ئەم پێناسەیە لە لایەکەوە و سەرلێشێوایی یەکجار زۆری بۆ لایەنگرانی حیزبەکان و لەلایەکی دیکەشەوە بۆ چالاکانی مافی مرۆڤ دروست کردووە.

حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بۆ بەدیهێنانی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان سازمان دران، بە سەرنجدان بەوەیکە ئەم لایەنگریە ئایدیۆلۆژیکە لە سەرەوەی داخوازییەکانی خەڵکدا نەبوو، زۆربەی حیزبە کوردییەکان پێداگرییان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە داخوازییەکانی خەڵکی لە چوارچێوەی سیستەمی ئادیۆلۆژیکدا دەستەبسەر بکەن. رەنگە ئەمە لە دەستپێکدا کارێکی هەڵە نەبووبێت، بەڵام لەئەمڕۆدا چالاکیی حیزبە سیاسییەکان زیاتر بۆ بەدیهێنانی سیستەمێکە، کە بتوانن بە ئازادانە چالاکی بکەن و ئەمەش بووەتە داخوازیی دەستپێکی ئەوان. دەکرێ ئەم ئازادییە بە دوور لە سیستەمی ئایدیۆلۆژیکی بە رەوایی بەخشین بە جاڕنامەی مافی مرۆڤ دەستەبەر بکرێت. پاش ئەم روونکردنەوەیە سەبارەت بە خەسارناسیی کارکردی حیزبە سیاسییەکان دەتوانین ئاماژە بەم خاڵانەی خوارەوە بکەین؛
دانانی بەرژەوەندیی گرووپی لە سەرووی بەرژەوەندیی گشتی‌یەوە، نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگە، لاوازبوونی فەرهەنگی رەخنەگرتن، بێ ‌پلانی و دڵساردبوونەوەی خەڵک لە خەباتی سیاسی، تاکەکەسی بوونەوەی ناوەرۆکی حیزبەکان، ناڕوونیی پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووری حیزبەکان، بروەدان بە فەرهەنگی هەلپەرستی، بێ نەزمیی حیزبی و هەروەها زیادبوونی ژمارەی حیزبەکان.

دەکرێ رێکارەکانیش بەم شێوەیە پێشنیار بکرێت کە؛ کۆبوونەوەی سازمان‌دراوی ئەم حیزبانە بۆ پشتیوانی لە هێندێ داخوازی کەلە رێگەی یاساییەوە چ بەستێنی نێونەتەوەیی و چ لە بەستێنی ناوخۆییدا دەتوانێ دەستەبەر بکرێت و بەشێکی زۆریش لەم کەموکۆڕییانە قەرەبوو دەکاتەوە. بۆ نموونە حیزبەکان دەتوانن پردی پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگە و دەستەڵاتەکان لە ریزبەندیی داخوازییە کۆمەڵایەتییەکانیانەوە بن و لە بەرز کردنەوەی ئاستی فەرهەنگی سیاسی و پێکهێنانی هاوئاهەنگی و یەکگرتوویی خەباتی خەڵک بۆ دەستەبەر کردنی داخوازییەکانیان لە پێشەوە بن.

کوردپا: بۆ ئەوەی چەمکی مافی مرۆڤ لە کوردستان تەنیا لە رەهەندی سیاسییەوە سەیر نەکرێ و بناغەکەی لەسەر فەرهەنگ دابڕێژرێت، پێویستە چ بکرێت؟

سەعید سەنەندجی: چەمکی مافی مرۆڤ، ئیحتبار یان متمانەی ئینسان لە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ خەڵکی کۆمەڵگەکانی دیکە و دەسەڵاتی حاکم، بە گەرەنتی و پشتیوانیی پێویست لە خۆ دەگرێ، یانی ئەوەیکە گیان و ماڵ و رادەربڕینی ئینسان ئازاد بێت. مافی مرۆڤ یانی ئەویکە کەس بۆی نییە بەبێ ئامادەبوونی لیژنەیەکی بێ لایەن، کەلە کەسانی سەربەخۆ پێکهاتبێت، کەسێکی دیکە سزا بدات، یانی ئەو کەسە بەپێی ئەو یاساییەی کە لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ یەک دەگرێتەوە دەبێ مەحکووم بکرێت یان سزا بدرێت. واتە ئینسان دەبێ بە ئاسوودەیی خەیاڵەوە پەیڕەوی لە هەر ئایین و مەزهەبێک کە خۆی دەیهەوێ بکات، بەبێ ئەوەی بکەوێتە بەر رق و تووڕەیی کۆمەڵگە، کەس یان دەستەڵات. بۆ ئەم ئەسڵە، ئێمە وەکو وهاووڵاتییان دەتوانین لە هەمبەر یەکتردا لەبەر چاوی بگرین و باشتریش وایە کە ئێمە لە خۆمانەوە دەست پێ بکەین و ئەم فەرهەنگی پێکەوە ژیان و هەڵکردنە لە بەستێنی کۆمەڵگەدا پەرە پێ بدەین.

کوردپا: ئێوە لەهەمبەر گرینگیی مافەکانی ژنان و منداڵان لە کوردستان، بۆ ئەو کەسانەی دێنە ناو بواری مافی مرۆڤەوە چ رێکار و رێنوێنییەکتان هەیە:
سەعید سەنەندجی : مەسەلەی منداڵان و ژنان و مافەکانی ئەوان گرینگییەکی تایبەتی هەیە. فەرهەنگسازی باشترین شێوە بۆ بەربەرەکانێی نایەکسانییە رەگەزییەکانە، هاوکات کە هەوڵەکانی ئێمە بەمەبستی گۆڕینی ئەو یاسایانەی کە لەگەڵ مافەکانی مرۆڤدا ناگونجێن بۆ جێگیرکردنی ئەو یاسایانەی کەلەگەڵ مافەکانی مرۆڤدا تەبان، پێویستە خۆمانیش بەرەچاو کردنی هەڵسوکەوتی گونجاو بەمەبەستی سڕینەوەو نەهێشتنی هەڵاواردنی رەگەزی لەناو خێزان و کۆمەڵدا هەوڵ بدەین و ئەو مافانە بکەینە فەرهەنگێکی کۆمەڵایەتی.

کوردپا: بەڕای ئێوە راپۆرتەکانی ئەحمەد شەهید، بە سەرنجدان بەو رێوشوێنانەی کە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەیگرێتە پێش، لەسەر باشتربوونی دۆخی مافی مرۆڤ لەئێراندا کارگەرییان هەیە؟ ئایا پێتانوایە کە پەروەندەی مافی مرۆڤی ئێران ببردرێتە شۆرای ئەمنیەتی نەتەوە یەگرتووەکان؟

سەعید سەنەندجی: راپۆرتەکانی ئەحمەد شەهید لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا توانیویەتی وەکوو هێزێکی گوشار لەلایەن وڵاتانی دیکەوە لەهەمبەر هەڵوێستە و پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی بەکار ببردرێت، بەڵام ئەو راپۆرتانە کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر هاوڵاتییانی ئیرانی نەبووە. ئەگەر پەیوەندی و سیاسەتە نێونەتەوەییەکانی وڵاتەکان بگاتە ئەو شوێنەی کە پەروەندەی مافی مرۆڤی ئێران ببەنە شورای ئەمنیەت، ئەوکات دەتوانێ کاریگەریی ئەرێنی هەبێت.

کوردپا: ئەرکەکانی چالاکێکی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران لە روانگەی ئێوەوە چییە؟

سەعید سەنەندجی: یەکەمین ئەرکی چالاکێکی مافی مرۆڤ پێبەندبوونە بە بەیانییە و پەسەندکراوەکانی مافی مرۆڤ. لانیکەمی چالاکیی چالاکێکی مافی مرۆڤ پێویستە بەرژەوەندیی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بێت. چالاکێکی مافی مرۆڤ پێویستە لەنێوان هەڵسوکەوتی خۆی لەگەڵ چالاکێکی سیاسی جیاوازی دابنێت. لە پێگەی ئۆپۆزسیۆنەوە چاو لە پێشهاتەکان بکات و پێویستە لە روانگەی مافی مرۆڤییەوە چاویان لێ بکات. هەوڵدان بۆ جێگیرکردنی فەرهەنگێک کە لەسەر بنەماکانی مافی مرۆڤ دامەزرابێت یەکێکی دیکە، کە ئەرکەکانی چالاکێکی مافی مرۆڤە.

ئەوانەی کەلە کوردستانن بەرپرسایەتییەکی مەترسیداریان لە ئەستۆیە و ئەویش ئەوەیە کە خەڵک لەگەڵ مافەکانی خۆیان ئاشنا بکەن و تا ئەو جێگەیەی کە مەترسیی گیانییان لەسەر نەبێت داکۆکی لەمافەکانی خۆیان و خەڵک بکەن.

کوردپا: هاتنی خۆتان بۆ نێو بیاڤی مافی مرۆڤ چۆن بوو؟ لەئێستادا سەربەخۆ چالاکی دەکەیت یان لەگەڵ رێکخراوێک هاوکاریتان هەیە؟ پێشنیاری ئێوە بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بەمەبستی هەرچی باشتر و بەربڵاوتر رووماڵکردنی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا چییە؟

سەعید سەنەندجی: من لە زانکۆدا لەگەڵ مەسەلەی مافی مرۆڤ ئاشنا بووم و دواتر ئۆگریی من بۆ ئەو مەسەلەیە بووە هۆی ئەوە کە لەو بوارەدا لێکۆڵینەوە بکەم.

لەئێستادا من لەگەڵ هیچ رێکخراو یان دامەزراوەیەکی مافی مرۆڤ پەیوەندیی فەرمیم نییە، بەڵام لەگەڵ زۆربەی دامەزراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ لەپەیوەندیدام.

کوردپا یەکێک لەو دەگمەن ماڵپەڕانەی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە توانیویە توێژێکی بەربڵاو لە هەواڵەکانی کوردستانی ئێران رووماڵ بکات. هەوڵی بەڕێوەبەرانی ئەو ماڵپەڕە جێگەی رێزە. بەدڵنیاییەوە کێشە و گرفتیشیان هەیە کە وای بۆ دەچم بەهۆی نەبوونی ئیمکاناتەوە بێت کە دڵنیام بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕ خۆشیان ئاگاداری هەن. بەڵام داواکارییەکم هەیە و ئەویش ئەوەیەکە کە راپۆرتەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ لەماڵپەڕدا بەشێوەیەکی بەردەوام بڵاو بکرێتەوە و گرینگی زیاتریان پێ بدرێت.

لەکۆتاییدا هیوادارم کە ماڵپەڕی کوردپا زیاتر لەرابردوو لە چالاکییەکانیدا سەرکەوتو بێت و هەواڵی زیاتر لە ناوچەکە رووماڵ بکات.