٣٠ سەر ئەسپی کاسبکاران لە سنووری شاری شنۆ، دەستیان بە سەردا گیرا

16:09 - 12 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە حکوومەتییەکان لە سنووری شاری شنۆ، دەستیان بە سەر ٣٠ سەر ئەسپی کاسبکاراندا گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی جۆزەردان، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، ٣٠ سەر ئەسپی بارهەڵگری کاسبکارانیان لە سنووری شاری شنۆدا گرت و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

هێزە نیزامییەکان پاش دەسبەسەرداگرتنی ئەسپەکان، شتومەکی کاسبکارانیان لەگەڵ خۆیان برد.

لە لایەکی دیکەوە، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران، هۆشدارییان به دانیشتووانی گوندی \"سۆفیانـ\"ـی شاری شنۆ داوە، لە ڕاگرتنی ئەسپ، لە گەوڕەکان خۆ ببوێرن و بە گوێپێنەدان بە هۆشداریی هێزە نیزامییەکان لەگەڵ کێشە قەزایی بەرەوڕوو دەبنەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە شاری شنۆ، هەوڵی دەسبەسەرداگرتنی ئەسپی کاسبکارانی کوردیان داوە و لەو پەیوەندییەدا، دەیان سەر ئەسپی کاسبکارانیان کوشتووە.