سەرەڕای نزیک بە مانگێک لە دەسبەسەری، چوار چالاکی سێنفیی دیواندرە هێشتا ئازاد نەکراون

13:08 - 21 پووشپەڕ 2722

سەرەڕای درێژکردنەوەی دەسبەسەریی "ئومید شامحەممەدی، هیوا قورەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە"، چوار چالاکی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- دیواندەرە، هێشتا لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاند: "بڕیار بوو ئەو چوار چالاکە سێنفییە پاش جێژن ئازاد بکرێن، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە ئازادکردنی ئەو چوار مامۆستایە خۆی بواردووە. ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی پووشپەڕ، بنەماڵەی چوار مامۆستای دەسبەسەرکراوی دیواندەرە، سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەیان کردبوو بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی دەسبەسەرکراوەکان، بەڵام هەوڵەکانیان بێئاکام بوو".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها بە کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو چوار چالاکە سێنفییە دەسبەسەرکراوە لەو ماوەیەدا هیچ جۆرە چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەبووە و لە دەستپێڕاگەیشتن بە پاریزەریش بێبەری کراون".

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان، ئەو چوار ئەندامەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - دیواندەرە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش دەسبەسەری بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوون.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: هیوا قورەیشی، پەرویز ئەحسەنی، ئومید شامحەممەدی و کاوە محەممەدزادە