سەرەڕای دادوەریی ناعادڵانە، کچە رەزمی‌کارانی سەقزی ١٢ میدالیایان بەدەست هێنا

22:06 - 3 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: کچە وەرزشوانانی کوردی خەلکی سەقز لە رکابەرییەکانی وەرزشی رەزمیی کیک بۆکسینگ، کە لە ئوستانی مازندەران بەڕێوەچوو، سەرکەوتنی بەرچاویان بەدەست هێنا و راهێنەری ئەو تیمەش باسی لە دادوەریی ناعادڵانەی دادوەرانی ئەو رکابەرییە کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تیمی وەرزشیی رەزمیی کیک بۆکسینگ کچانی شاری سەقز کە لە ١٢ وەرزشوانی ئەو رشتە وەرزشییە پێکهاتبوو، توانیان ٣ میداڵیای زێڕ، ٥ میدالیای نەقرە و ٤ میدالیای برۆنز بەدەست بێنن.

سیمین فەرەجی کە راهێنەریی ئەو تیمەی لە ئەستۆ بووە، لە لێدوانێکدا بۆ یەکێک لە سەرچاوە لۆکالییەکانی شاری سەقز، رایگەیاندووە؛ \"بەداخەوە کوردستان لە رکابەرییە جۆراوجۆرەکاندا بەردەوام قوربانیی دەستی دادوەریی ناعادڵانەیە.

ئەو رکابەرییە کە بۆ ماوەی ٣ رۆژ لە شاری بابۆل و بە بەشداریی وەرزشوانانی ١٧ ئوستانی ئێران لە ئوستانی مازندەران بەڕێوەچووە، بە گوتەی سیمین فەرەجی \"ئەگەر دادوەریی ناعادڵانەی دادوەرەکان نەبوایە، کچە وەرزشوانە کوردەکان دەیانتوانی پلەی باشتر بەدەست بێنن\".

عەسەل رەشیدزادە لە کێشی ٢٥ کیلۆ و لە تەمەنی مێرمنداڵاندا، ئەڤین موزەفەریان لە تەمەنی لاواندا لە کێشی ٥٠ کیلۆدا و نگین قادرزادە لە کێشی +٥٦ کیلۆدا تواناین میدالیای زێڕی ئەو پاڵەوانیەتییە بەدەست بێنن.

هەروەها لە تەمەنی لاواندا دەریا مورادزادە بە کێشی ٣٥ کیلۆ، نیگار رەزایی بە کێشی ٤٥ کیلۆ، ئیلناز رەزازادە ٥٠ کیلۆ و شیلان مەعرووف‌زادە بە کێشی ٥٥ کیلۆ و موژدە فەیزی بە کێشی ٦٠ کیلۆوە توانیان ٥ میدالیای نوقرە بۆ تیمەکەیان مسۆگەر بکەن.

سەبا تەهماسبی بە کێشی ٥٠ کیلۆ، شلێر ساڵح‌پوور بە کێشی ٥٥ کیلۆ و نگین موزەفەریان بە کێشی +٥٥ کیلۆ و سیما کیشوەری ش لە تەمەنی گەورەسالاندا، توانیان ٤ میدالیای برۆنز بەدەست بێنن.

ساڵی رابردووش تیمێکی ١٣ کەسیی کچانی وەرزشوانی رشتەی کیک بۆکسینگ لە شاری سەقزەوە بە راهێنەریی سیمین فەرەجی بەشدارییان لە رکابەرییەکانی ئوستانی هەمەداندا کرد، کە وەکوو تیمی یەکەمی ئەو رکابەرییانە دەست نیشان کرا.