سەرەڕای باری سەختی گوزەران، کرێکارانی شارەوانیی شنۆ، مووچەیان پێ‌نادرێت

16:02 - 20 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: کرێکارانی \"خەدەماتی شەهری\"ـی سەربە شارەوانی شاری شنۆ، ماوەی نزیک بە ٢ مانگە مووچەیان پێ‌نەدراوە و شارەوانیش لە وڵامدانەوە بەو کڕێکارانە خۆ دەبوێرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەڕای باری سەخت گوزەران و گرانیی لە ڕادەبەدەر لە وڵاتی ئیران و بەتایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان، کرێکاران لە زۆربەی شوێنەکان مووچەی مانگانەیان پێ ناردێت و لەو پەیونەدییەدا کرێکارانی شارەوانیی شاری شنۆ ماوەی ١ مانگ و ٢٠ رۆژە مووچەیان پێ‌نەدراوە.

لە کاتێکدا زۆربەی کرێکارەکان کەسانی هەژار و بێ دەرەتانن و رۆژانە زیاتر لە ١٠ کاتژمێر کار دەکەن، کە بە وتەی ئەو کرێکارانە، ئەو مووچەیەی پێیان ئەدرێت بەشی دەوا و دەرمان و تێچووی خوێندنی منداڵەکانیان و کرێ خانووی خۆیان ناکات.

ماڵپەڕی \"شنۆ باس\" لە زاری یەکێک لەو کرێکارانەوە نووسیویەتی: \"شارەوانیی شاری شنۆ سەری مانگ مووچەی کارمەندەکانی خۆی ئەدات، کە هەموویان خانووبەرە و ماشێن و پیشەی دووەمیشیان هەیە، بەڵام شارەداری بۆ مووچەی کارمەندانی دەوڵەمەند ئەدات و دەبێ مووچەی ئێمە وەدوا بکەوێ\".

هەنووکە زۆربەی کرێکارانی شارەوانیی شاری شنۆ بەهۆی وەدواکەوتنی مووچەکانیانەوە وەزاڵە هاتوون و توانای کڕینی خواردنیشیان بۆ بنەماڵەکانیان نییە و لەو بارەیەوە کرێکارێکی شارەوانیی شنۆ رایگەیاندووە: \"لە ئێستادا توانای کرێنی قوتوولەیەک رۆنم نییەو قەرزداری زۆربەی دووکانەکانم، بەڵێنم بە بنەماڵەکەم داوە، ئەگەر مووچە وەربگرم خواردنیان بۆ دەکڕم\".

دەگوترێت؛ شارەوانیی شاری شنۆ کارەکانی پەیوەندیداری بە خەدەماتی شەهری و کرێکارانەوە بە کەرتی تایبەت سپاردووەو لە ئێستادا کە مووچەی کرێکاران وەدوا کەوتووە، بەرپرسانی شارەوانی لە ولامدانەوە بە کرێکاران خۆیان دەبوێرن.

(رەزا سروەتی) ئەندامی کۆمیسیۆنی بەرنامەو بودجە لە ناوەڕاستی مانگی رەشەممەی ساڵی رابردوودا رایگەیاندبوو\" ١٥ ملیۆن کەس لە وڵاتی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان و ئەم رێژەیەش نزیک بە ٢٠ لەسەدی حەشیمەتی وڵاتی ئێران پێک دێنیت و لەگەڵ ئەمەشدا ٧ ملیۆن کەسی ژێر هێلی هەژاری، لەلایەن هیچ ناوەندێکی حکوومەتییەوە پشتیوانییان لێ ناکرێت و لە هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەک بێبەرین.

وتەکانی ئەو ئەندامەی کۆمیسیۆنی بەرنامەو بودجە لە کاتێکدایە، کە کارناسان هێڵی هەژارییان زیاتر لە ٧٨٠ هەزار تمەن بەراورد کردووەو بەرپرسی ناوەندی ئاماری وڵاتی ئێرانیش رایگەیاندووە: کە ٤٧ ملیۆن کەس لە بنەماڵەی ٦ کەسیدا داهاتیان لە ٧٨٠ هەزار تمەن کەمترە و بەو پێیە ٤٧ ملیۆن کەس لەو وڵاتی ئێران لەژێر هێڵێ هەژاریدان.