سەركەوتنی سینەماكارنی كوردی ئێران بەردەوامە

14:55 - 7 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: كورتە فیلمی دەنگی باران لە بیست و حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی \"قلیبیە\"ی توونس بەشداری دەكات و چوار كورتە فیلمی دیكەی سینەماكارانی كورد بۆ بەشداری بیست و نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی كورتە فیلمی تاران هەڵبژێردراون.

بەپێی راپۆرتی ناوەندی خەبەیی كورتە فیلم، كورتە فیلمی دەنگی باران لە دەرهێنانی جەلال ساعیدپەنا سینەماكاری خەڵكی سنە لە بیست و حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی \"قلیبیە\"ی توونس كە بڕیارە رێكەوتی 4ی خەرمانان بەڕێوە بچێت، بەشداری دەكات.

\"5843.jpg\"
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش داوە كورتە فیلمی ئەزموونیی \"شوێن پێی ژیان\"، دووەمین بەرهەمی خانمە سینەماكاری كورد \"فاتمە دەستمەرد\" و لە بەرهەمهێنانی سینەماكاری كورد مەنسوور چەمەنی لەناو ٢٥٧ کورتە فیلمی نێردراو بۆ بیست و نۆیەمین فێستیڤاڵی کورتە فیلمی تاران بۆ بەشی ئەزموونی هەڵبژێرداوە.

سەرجەم ٢١ کورتە فیلم بۆ بەشی ئەزموونیی ئەو فێستیڤاڵە هەڵبژێرداون.

لە درێژەی سەركەوتنی سینماكارانی كورددا هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش داوە لە كۆی 186 كورتە فیلم كە بۆ بەشی گشتیی بیست و نۆیەمین فێستیڤاڵی كورتە فیلمی تاران نێردراون لەلایەن لێژنەی داوەرانەوە 49 كورتە فیلم بۆ بەشی پێشبڕكێ‌ هەڵبژێردراون.
\"5845.jpg\"
لەناو كورتە فیلمەكانی بەشی پێشبڕكێدا سێ‌ بەرهەمی سینەماكارانی كورد بەرچاو دەكەون كە بریتین لە: كورتە فیلمی \"گاز\" لە دەرهێنانی عابدین محەممەدی لە كرماشان، كورتە فیلمی \"تەناف\" لە دەرهێنانی تەوحید توانایی رەشید لە ورمێ‌ و كورتە فیلمی \"كۆتایی پێكەنینێك\" لە دەرهێنانی رەزا محەممەدی لە شاری بانە.

بیست و نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی كورتە فیلمی تاران لە رۆژانی 10 هەتا 16ی رەزبەری ئەمساڵ لە شاری تاران بەڕێوە دەچێت.