سەركەوتنی دوو كاراتەكاری بۆكانی لەركابەرییەكانی وڵاتی تاجیكستان

15:19 - 13 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی كوردپا: دوو وەرزشكاری كورد لە ركابەرییە جیهانییەكانی \" كیک جیتسۆ\" كە لەوڵاتی تاجیكستان بەڕێوەچووە توانیوانە دوو میداڵی زێڕ و زێو (نقرە) بە دەست بێنن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، حەفتەی رابردوو، وڵاتی تاجیكستان میوانداریەتی ركابەرییە جیهانییەكانی وەرزشی \"كیك جیتسۆ MMAتاج فایتر\"‌ی ساڵی ٢٠١٤‌ی كرد و تێیدا ژمارەیەكی بەرچاو وەرزشكار بە نوێنەرایەتی چەندین وڵاتی جیهان بەشدار بوون.

موحسین خەلیلی (شاماتی) تەمەن ٢٤ ساڵ پلەی یەكەم و ئەیوب فەهمیی تەمەن ٢٥ ساڵ پلەی دووهەمی بەدەست هێناوە و توانیویانە بەسەر بەرامبەرەكانیاندا سەر بكەون.

موحسین خەلیلی میداڵی زێڕ و ئەیوب فەهمیی میداڵی زێوی پێبەخشراوە.

لوقمان ئاراستەفەڕ خەڵكی شاری بۆكان راهێنەریی ئەو دوو لاوە كوردەی لە ئەستۆ بووە.

رۆژی هەینی رێكەوتی ١٢‌ی خەزەڵوەر موحسین و ئەیوب دوای چوار رۆژ مانەوە لە تاجیكستان گەڕاونەتەوە شاری بۆكان.

پێشتریش ئەیوب فەهمیی توانیبووی لەوڵاتی توركیە لەركابەرییەكانی وەرزشی \" كیك جیتسۆ\"‌دا پلەی یەكەم و میداڵی زێڕ بەدەست بێنێت.

لەراستەوە: ئەیوب فەهیمی، لوقمان ئاراستەفەڕ، موحسین شاماتی