سەرۆکی مافی مرۆڤی کوردستان ئازاد کرا

15:17 - 22 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: محەممەد سدیق کەبوودوەند چالاکی مافی مرۆڤ و سەرۆکی مافی مرۆڤی کوردستان لە زیندان ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ هەینی ٢٢ی بانەمەڕ، محەممەد سدیق کەبوودوەند، دامەزرێنەری ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، پاش ١٠ ساڵ دەستبەسەری لە زیندان ئازاد کرا.

ڕۆژی پێنج‌شەممە ٢١ی بانەمەڕ، ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە پەیوەندی لەگەڵ ئازادیی کەبوودوەند ڕایگەیاند: سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوام، یاسای \"کۆکردنەوەی تاوانەکان\" سەبارەت بە دۆسیەی ناوبراو بەکار نەبراوە، بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزای نوێ، لە ئەگەری کۆکردنەوەی تاوانەکاندا، تەنیا حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی کەبوودوەند لەبەرچاو دەگیرێت و زیندانی ٦ مانگەی ناوبراو لەبەرچاو ناگیردرێت و تەنیا بە دانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد دەکرێت.

کۆمیتەی لێکۆڵینەوەی دەستبەسەرکرانە خۆسەرییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بڕیارنامەیەکدا دامەزراندنی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان و چالاکییەکانی محەممەد سدیق کەبوودوەندی بە یاسایی ڕاگەیاند و سەپاندنی حوکمی ١٠ زیندانی بە سەر ناوبراودا بە نایاسایی ڕاگەیاند.

محەممەد سدیق کەبوودوەند، ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری حەوتووتەنامەی \"پیام مردم\" و دامەزرێنەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، مانگی پووشپەڕی ساڵی ٨٦ دەستبەسەر و دوای ماوەیەک زیندانی و دەستبەسەری، لە لایەن دەزگا قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، سزای ١١ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.