سەرکەوتوویی وەرزشوانانی کوردستان لە کێبڕکێ‌ نێوخۆیییەکانی ئێراندا

14:51 - 9 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: وەرزشوانانی کوردستان لە کێبڕکێ جۆراوجۆرە نێوخۆییەکانی ئێراندا، توانیان لە بەشەکانی تێکواندۆ و ڕاکردندا سەرکەوتن بەدەست بهێنن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، لە میانەی بەڕێوەچوونی کێبڕکێ جۆراوجۆرەکانی نێوخۆی وڵات لە ئێراندا، لە دوو بەشی تێکواندۆ و ڕاکردندا، دوو هاووڵاتیی کورد مێداڵی زیو و بڕۆنزیان بە دەست هێناوە.

\"نیان شامحەممەدی\" و \"ڕووناک حسێن‌زادە\" دوو کچی تێکواندۆ کاری خەڵکی شاری سەقز، لە بیست و یەکەمین خولی کێبڕکێکانی پاڵەوانی نێوخۆی وڵاتدا، دوو میداڵی زیو و بڕۆنزیان بەدەست هێناوە و لە ئاکامی ئەم کێبڕکێیانەشدا پارێزگای سنە بە بەدەست هێنانی دوو میداڵی زیو و بڕۆنز، لە پلەی هەشتم‌دا جێی گرتووە.

هەروەها لە کێبڕکێکانی ڕاکردندا کە لە شاری تاران بەڕێوە چووە، \"هەستی سەمەری\" و \"ئارینا نیکخا\" پلەی دووهەم و سێهەمیان بۆخۆیان مسۆگەر کردووە.

لە پارێزگای کرماشانیش، \"میلاد ڕەشیدی\" لە بەشی تیروکەواندا توانیویە پلەی سێهەم بەدەست بهێنێت و \"نازەنین بەشیری\" وەرزشوانێکی دیکەی خەڵکی شاری کرماشان، لە بەشی \"بەدمینتۆن\"دا بۆ ئۆردووی تیمی میللیی ئێران بانگهێشت کراوە.