سەرکەوتنی وەرزشوانێکی کورد لە خولی نێودەوڵەتی ڕا‌هێنانی کۆنگ‌فۆتۆوا لە تورکیه

19:58 - 6 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: وەرزشوانێکی کوردی خەڵکی شاری سنه لە خولی نێودەوڵەتی ڕاهێنان، داوەری و ئێستاژی فەننی سەرکەوتنی بەدەست هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، وەرزشوانێکی کورد بە ناوی \"عەباس زەندی\" خەڵکی شاری سنه دانیشتووی وڵاتی تورکیه لە خولی نێودەوڵەتی، داوەری و ئێستاژی فەننی بەشداری کردووە و سەرکەوتنی بەدەست هێناوە. ئەو وەرزشوانە کوردە وەک نوێنەری کۆنگ‌فۆتۆوای تورکیه لەو خولە نێودەوڵەتییەدا بەشداری کردووە.

\"\"
عەباس زەندی ڕاهێنەری کۆنگ‌فۆتۆوا
ئەو وەرزشکارە کورده لە وتووێژێکی کورتدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاندووە: \"کۆنفدراسیۆنی وەرزشە ڕەزمییەکانی IFAO منی وەک نوێنەری کۆنگ‌فۆتۆوای تورکیە هەڵبژاردووە و توانیم لەو خولەدا بەشداری بکەم؛ ناوبراو باسی لەوەش کردووە، کە لەمەوبەدوا دەتوانێت وەک داوەری نێودەوڵەتی لە کێبڕکێیەکانی کۆنگ‌فۆتۆوا لە ئیستانبولدا بەشداری بکات.

عەباس زەندی ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی بە تۆمەتی \"هەوڵدان بە دژی تەناهی نەتەوەیی\" لە لایەن دادگای ئینقلابی سنە بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری و چوار ساڵ زیندانی تەعلیقی سەرجەم بە ٨ ساڵ مەحکووم کرا و ماوەی ٢ ساڵ لە زیندانی تەعزیری لە زیندانی ناوەندیی سنەدا بووە. ناوبراو چەند ساڵ لەومەبەر دوای بانگهێشت کردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات ناچار بوو زێدی خۆی بەجێ بهێڵێت.

ئەو وەرزشکارە کوردە دەرچووی مەهەندیسی مێعمارییە و دامەزرێنەری باشگای ڕەزمی \"نەبەز\" لە شاری سنە سەر بە کوردستانی ڕۆژهەڵات بووە و ماوەی ١٠ ساڵ لەو باشگایەدا ڕاهێنەری وەرزشی کۆنگ‌فۆتۆوا بووە.