سەرکەوتنی وەرزشوانانی کورد لە رکەبەرییە جیهانییەکاندا

13:30 - 30 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: سێ‌وەرزشوانی کوردی خەڵکی شارەکانی ئیلام، سنە و کرماشان توانیان لەئاستی رکەبەرییە جیهانییەکاندا چوار میداڵی زێڕ و زیو بەدەست بێنێن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەعید ئەحمەدی خەڵکی شاری کرماشان لەوەرزشی کاراتەی \"کامبت گیمز\" توانی مداڵی زێڕی رکابەرییە جیهانییەکانی شاری \"سەن پترێزبوورگ\"‌ی رووسیە بەدەست بێنێت.

ئەو وەرزشوانە کوردە لەنێو ٩٠ بەشدار بوو کە نوێنەرایەتیی ٣٦ وڵاتیان دەکرد، ئەو سەرکەوتنەی بەدەست هێناوە.

\"16182.jpg\"
سەعید ئەحمەدی لەکێشی مینهای ٦٧ کیلۆدا توانیویەتی بەسەر کاراتەکارێکی ئافریقاییدا سەربکەوێ‌.

دووەمین خولی رکەبەرییەکانی کاراتە لەبەشی \"کامبت گیمز\"، لەوڵاتی رووسیە لەحاڵی بەڕێوە چوون دایە.

زەبیحوڵڵا پوورشیپ کاراتەکارێکی دیکەی کورد بوو کە توانیویەتیی لە رکەبەرییەکانی فیناڵ لە کێشی ٨٤ کیلۆدا میداڵی زیو بەدەست بێنێت.

\"ئێرنێس ئەرکان\" کاراتەکاری ئازەربایجانی کە قارەمانیەتیی جیهانیشی هەیە، توانی بەسەر ئەو وەرزشوانە ئیلامیەدا سەربکەوێ‌.

\"16181.jpg\"
فەرەیدوون ئەسلانی
لەدرێژەی سەرکەوتنی وەزشوانانی کورد، فەرەیدوون ئەسلانی توانیویەتی لە وەرزشی لەش جوانی (پرورش اندام)‌دا کە لە وڵاتی ئۆسلۆڤاکی بەڕێوەچووە، ٢ میداڵی بەنرخ بەدەست بێنێت.

ئەو وەرزشوانە سنەییە لەنێو ٥٥ وڵاتی جیهاندا لە رکەبەرییەکانی \"فیگور\"‌دا میداڵی زێڕی پێ‌بەخشراوە.

فەرەیدوون ئەسلانی لەبەشی رکەبەرییەکانی \"بادی کلاسیک\"‌یشدا بەشداریی کردووە و مداڵی زیوی بەدەست هێناوە.

لەو پێوەندییەدا عەلی پێژگوڵ بەرپرسی هەیئەتی لەشەجوانیی ئوستانی کوردستان، رایگەیاندبوو: فەرەیدوون بە بەدەست هێنانی مداڵی زێڕ دەتوانێ بەشداری لە رکەبەرییە فەرمییەکانی \"ئارنۆڵد کلاسیک\"‌ لەوڵاتانی ئیسپانیا و ئەمریکادا بکات.