سەرپێڵی‌زەهاو/ دوو کەس لەبەرچاوی خەڵک، ئێعدام کران

14:43 - 19 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: سزای لەسێدارەدانی دوو هاووڵاتیی کورد لە لایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە جێبەجێ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ نۆزدەی بەفرانبار، تەنافی سێدارەی دوو کەس کە تۆمەتباربوون بە دزی کردن لە تەڵافرۆشییەک لە سەرپێڵی‌زهاو، خرایە ملیان.

دادگای شۆڕش، دزیی چەکدارانەی چوار کەس( یەکیان ژن بووە) لە پێوەندی لەگەڵ ڕووداوەی بە پێکهێنانی نائەمنی لەقەڵەم داوە و بۆ دووانیان سزای \"محارب\"ـی بڕیبووەوە.

\"\"لەو ڕووداوەدا پێرسۆنێلێکی ئینتیزامی کە شوێنی خزمەتی شاری کرماشان بووە و لە ڕۆژەدا بۆ کارێکی شەخسی چووەتە تەڵافرۆشی، کوژراوە.

هەواڵنێری کوردپا، ناسنامەی لەسێدارەدراوەکانی بە سەجاد زەڕسینە و رۆحوڵڵا کێشتمەد خەڵکی ئیلام ڕاگەیاند.

هەندێ لە ماڵپەڕەکان ڕاپۆرتیان دا کە؛ سزای ئێعدام لە شوێنی کوشتنی هێزە حکوومەتییەکە لە پردی ئینقلاب جێبەجێ کراوە و بەرپرسانی ئەمنی و دەوڵەتی تێیدا بەشدار بوونە.

\"\"جێبەجێ کرانی ئەو سزایە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دانیشتووانی ڕوانسەر بە سازکردنی کەمپینێک لەهەوڵی ڕاکێشانی ڕەزایەتی \"خاوەن‌مردوو\" ی زیندانییەکدا بوون، کە ناوەندە ئەمنییەکان پێشیان بەو کارە گرت.

لە سەرەتای ئەم مانگەشدا، هاووڵاتییەکی ئیلامی لەبەرچاوی خەڵکدا ئیعدام کرابوو.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری کوردپا، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا(٢٠١٦) زایینی، لانیکەم ٩٠ هاووڵاتیی کورد لە ١٠ زیندانی ئێران بە تاوانی جۆراوجۆر ئێعدام کراون.

لینکی پێوەندیدار:
هاووڵاتییەکی کورد لەبەرچاوی خەڵک، لەسێدارە درا