سەرپێڵ‌زەهاو؛ برینداربوونی سێ هاووڵاتیی یارسانی بە تەقەی کەسانی نەناسراو

11:22 - 15 رێبەندان 2721

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی ڕێبەندان، سێ هاووڵاتیی یارسانی بە ناوەکانی "گوڵموراد مورادی"، "سامان بووچانی" و "مەنسوور حەیدەری" خەڵکی گوندی "قڵاوەریـ"ـی سەر بە شاری سەرپێڵ‌زەهاو، بە تەقەی کەسانی نەناسراو بریندار کران.

یەکێک لە دانیشتووانی گوندی "قڵاوەری" بە ئاژانسی کوردپای ڕایگەیاندووە ماشینێک لە جۆری پێژۆ ٤٠٥ کە چەند کەسی چەکداری تێدابووە، هێڕشیان کردووەتە سەر گوندی قەڵاوەری و لە ئەنجامی تەقەی ئەو کەسانە سێ کەس خەڵکی ئەو گوندە بریندار کراون.

بەوتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە لەو ڕووداوەدا، ئەو چەکدارە نەناسراوانە، چەند ماشینی هاووڵاتییانی دانیشتووی ئەو گوندەیان داوەتە بەردەستڕێژ و هەروەها خەسارێکی بەرچاویان بە دووکان و سوپێرمارکێتی ئەو گونده، گەیاندووە.

ئەو سێ هاووڵاتییە بریندارە بۆ ناوەندی دەرمانی ڕاگوێزراون و هەنووکە لە نەخۆشخانە لە ژێرچاودێری پزیشکی دانه.