سەرووی سەتا هەفتای زیندانیانی ئێران لە توێژی هەژارن

19:54 - 14 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای کەمبوونەوەی ڕێژەی ئەو تاوانانەی کە سزاکەی زیندانە، ئێران لەبواری زیندانی کردنی هاووڵاتییانەوە لە ڕیزی وڵاتانی یەکەمی جیهاندا جێی گرتووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، هەر ساڵە، نزیکە ٥٠٠ هەزار ئێرانی بەهۆی ئەنجامدانی یەک یان چەند تاوانی ئاماژەپێکراو لە یاسای ئەو وڵاتەدا، دەخرێنە زیندانەوە.

بەرپرسی ڕێکخراوی زیندانەکان و هەوڵە ئەمنیەتی و پەروەردەییەکانی ئێران، بە ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە بە ماڵپەڕی ئیرنا گوتی، \"زۆربەی زیندانیانی ئێمە نەخوێندەوارن و یان خوێندەوارییان کەمە\".

ئەسغەر جەهانگیری لە درێژەدا باسی لە کەمبوونی هێزی مرۆیی لە دەزگای قەزایی حکومەتی ئیسلامی ئێراندا کردووە و وەبیری هێناوەتەوە کە ساڵانە نزیکەی ١٥ میلیۆن پەروەندە لە دادگاکانی ئێراندا پێک دێن.

ناوبراو لەمەڕ بەشی تەناهیی ئابووری گوتی : لە زیندانەکاندا لە سەتا زیاتر لە ٧٠ هەتا ٧٥ ی زیندانیەکان کەسانێکن کە تووشی کێشەی ئابوورین و زۆربەیان لە توێژی هەژار و کەم داهاتی کۆمەڵگان.

ئەو بەرپرسە قەزاییە بە ڕوونی خوازیاری لابردنی سزای زیندان بۆ تاوانە پەیوەندیدارەکان بە \"نەفەقە\" و \"مارەیی\" بووە و ڕایگەیاند: \" زیندان شوێنی ئەو کەسانەیە کە دەستدرێژی دەکەنە سەر نامووسی خەڵک و ئەو کەسانەی کە کۆمەڵگا نائەمن دەکەن.\"
جەهانگیری لەسەر بیرو بۆچوونەکانی ڕوونکردنەوەی زیاتری نەدا، بەڵام ئاماژەی بە \" نادیار بوونی چارە نووسی\" ٢٥% زیندانیەکان کرد.

ئەو وتانەی بەرپرسی ڕێکخراوی زیندانەکان لەپارێزگای مازەندەران لەحاڵێکدایە کە ناوبراو ساڵی ڕابردوو ئیدعای کردبوو کە نزیکەی ٧٠% زیندانیەکان تەمەنیان لە خوارەوەی ٤٠ ساڵەوەیە.

بەپێی ڕاپۆرتە نیوە فەرمییەکان، ئێران لەبواری ڕێژەی زیندانییەوە لەنێوان ڕیزەکانی چوارەم هەتا هەشتەمی جیهاندا جێی گرتووە.

کارناسانی کۆمەڵایەتی، پەرەسەندنی هەژاری لەنێو توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا، وەکوو یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی چوونە سەرەوەی ڕێژەی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە قەڵەم دەدەن.