سەرنووسەری گۆڤاری \"ساکار\" بە هۆی بەربوونەوە گیانی لە دەست دا

14:52 - 4 خەرمانان 2717
ئاژانی کوردپا: نووسەر و شانۆکارێکی کورد، خەڵکی شاری سەقز بە هۆی بەربوونەوە لە سەربانی خانووەکەی خۆیدا گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ٣ی خەرمانان، خالید خاکی نووسەر، شانۆکار و بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی مەولەوی کوردی شاری سەقز و هەروەها بەرپرسی گۆڤاری هونەری_ ئەدەبیی \"ساکار\"، بە هۆی بەربوونەوە لە سەربانی ماڵەکەی گیانی لە دەست دا.

هەوڵی گەیشتوو بە کوردپا باس لەوە دەکات، کە خالید خاکی بۆ کردنەوەی دەرگای ماڵەکەی بە پەنجەرەدا سەرکەوتووە، بەڵام لە نهۆمی سەرەوە بەر دەبێتەوە و ئەم ڕووداوە دەبێتە هۆی ئەوەی ناوبراو گیانی لە دەست بدات.

خالید خاکی ساڵی ١٣٣٦ی هه‌تاوی له‌ گوندی (دایه‌ سڵێمان) هه‌ڵکه‌وتوو له‌سه‌ر چۆمی ئایه‌نان له‌ ناوچه‌ی ساحێب له‌ دایک بووه،‌ خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی هه‌ر له ‌شاری سه‌قز ته‌واو کردووه، هەروەها‌ لەم دواییاندا له‌ زانکۆی په‌یام نووری سه‌قز، بڕوانامه‌ی لیسانسی ئه‌ده‌بیاتی فارسی وه‌رگرتووه.

ئەم نووسەرە کوردە، فەرمانبەری موخابراتی شاری سەقز بووە و لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، لە سەر کارەکەیدا وەلا نراوە و هەروەها ماوەی ١٨ مانگ زیندانی بووە.

خالید خاکی هەر لە سەردەمی قوتابخانەوە، هۆگریی بە هونەر بە تایبەتی هونەری شانۆ پەیدا دەکات، پێش ئەوەی دەست بە نووسین بکات، لە بواری شانۆ چالاکی دەکات و دبێتە ئەندامی گرووپی شانۆی شاری سەقز.