سەرما٨٠٠ میلیارد تمەن زیانی بە بەرهەمە کشت‌وکاڵییەکانی کوردستان گەیاند

21:34 - 14 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا:  بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشت و کاڵ ئامار و رێژەی خەسارەتی بەرکەوتووی بە لەوەڕگە و باغاتەکانی کوردستان لەئەنجامی دابەزینی پلەکانی هەوا و ویشکەساڵییەوە لە دوو ئوستانی کوردستان بڵاو کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە هۆی هاتنی سەرمای لەناکاو، وەرزێڕان و باغدارانی دوو ئوستانی کرماشان و ورمێ لە ساڵی کشت و کاڵی (٩٤-٩٣)دا تووشی سەدان میلیارد تمەن زەرەر و زیان بوون.

خەسارەکانی ئوستانی ئازەربایجانی ‌رۆژئاوا بە ( ٤١٦) میلیارد تمەن خەمڵێنراوە کە پێشتریش زیانی لەو چەشنە لەوەڕگە کشت‌وکاڵییەکانی شاری ورمێ و پیرانشاری گرتووەتەوە.

بە وتەی بەرپرسی رێکخراوی \"جیهادی کشاوەرزی\"، ئەو زیانانە شاری\"پۆڵدەشتی\" نەگرتووەتەوە و ئەو خەسارەش ٤٦٠ هەزرا تۆن لە بەرهەمە کشت و کاڵییەکان لەخۆ دەگرێ.

تەنیا لەئەمساڵدا، دامەزراوەکانی بەشی کشت‌وکاڵ و مەڕ و ماڵاتەکان، زیاتر لە ١٣٠ میلیۆن تمەن زیانی پێگەیشتووە.

لە چەند مانگی رابردوودا چەوەندەرکارانی کورد لە شارەکانی پیرانشار و شنۆ بە هۆی پشت گوێ خرانی داواکاری و مافەکانیان لەلایەن کارخانەکانی قەندەوە، بۆ هەر یەک کیلۆ قەند نزیک بە ٢٠٠ تمەن زەرەریان کردووە.

لەئوستانی کرماشانیش رێژەی زیانەکان، زیاتر لە ٤ هەزار میلیارد بووە کە تەنیا بە هۆی هاتنی سەرمای لەناکاو لە وەرزی بەهاردا، ٢٢٣میلیارد تمەن زیان بە بەرهەمە کشت و کاڵییەکان گەیشتووە.

بەڕێوەبەری گشتی ئیدارەی کشت و کاڵی(سازمان جهاد کشاوەرزی) ئوستانی کرماشان وتوویەتی: لەئەنجامی سەرماوە، نزیک بە ١٠هەزار هێکتار لە باغەکانی ئەو ئوستانە خەسارییان پێ گەیشتووە و باسی لەوەش کردووە کە ئەو باغانە توانای بەرهەمهێنانیان نەماوە.

عەلی ئەشرەف ‌مەنسووری باسی لەسەدا ١٠ بۆ ٢٠ی زیانە کشت‌وکاڵییەکان لە ناوچە گەرمەسێرەکانی کرماشان کردووە و وتوویەتی: ئەو زیانە لەبەرهەمە کشت‌وکاڵییە پاییزییەکاندا گەنم و جۆ و لە بەرهەمە بەهارییەکانیشدا چەوەندەر و هێرەماسی (سیب زمینی) گرتووەتەوە.

بەگشتی لەساڵی رابردوودا بەرهەمە کشت و کاڵییەکانی ئوستانی کرماشان نزیکەی ١٢٠ میلیارد تمەن خەسارییان بەرکەوتووە.

بە سەرنجدان بە دۆخی کەش و هەوای ئوستان ساڵانە بەشێکی گرینگ لە بەرهەمە جووتیاریی و ئاژەڵدارییەکان لەناو دەچن کە بە هۆی بیمە نەکردنیان بە گرینگترین دەڵەڕواکێی جووتیاران دێتە ئەژمار.

بە پشت‌بەستن بە سەرچاوە و راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشت و کاڵیی ئوستانی کرماشان، لە کۆی گشتی ٢٥ی بەرهەمی کشت و کاڵیی تەنیا ١٥ جۆر بەرهەم بیمە کراون.