سەرلەنوێ سەربازی دەکڕدرێتەوە/ ٤٥ هەزار ملیارد داهاتی بۆ دەوڵەت دەبێ

14:03 - 20 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: ئەو کەسانەی کە دەبێ سەربازی بکەن، بە لانیکەمی ٢٧ ساڵ تەمەن و بە لانی زۆری ٥٠ ساڵ تەمەنەوە دەتوانن سەربازییەکەیان بە پارە بکڕنەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کاتێکدا کڕینەوەی سەربازی لە پلانی بودجەی سالی ١٣٩٤دا گونجێندرابوو، رۆژی رابردوو لەلایەن یەکێک لە جێگرانی بەرپرسی ستادی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامییەوە بە فەرمی راگەیەندرا.

ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ کرینەوەی سەربازی دیاریی کردووە، لە نێوان ٢٠ هەتا ٥٠ ملوێن لە جیاوازیدایە.

بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لە کاتێکدایە، کە هێندێک لە بەرپرسانی نیزامی لە ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا، کڕینەوەی سەربازییان بە \"هەڵاواردن\" لە قەڵەم داوەو دژایەتیشیان لەگەڵدا کردووە.

هەنووکە، ١ ملوێن و ٥٠٠ کەسی \"غایب\"، لە سیستەمی سەربازیی ئیجباری هێزە ئینتزامییەکاندا تۆمار کراوە.

بەپێی گەڵاڵەی بودجەی ساڵی ٩٤، داهاتی کڕینەوەی سەربازی تەرخانی بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی هێزە چەکدارەکان دەکرێ و بە گوتەی ئەحمەد تەوەکولی نوێنەری مەجلیسی نۆیەم، دەوڵەت دەتوانێ ٤٥ هەزار ملیارد تمەن لە رێگەی \"ئەم گەڵاڵەیەوە داهاتی هەبێت.

ئەو کەسانەی کە زیاتر لە ٨ ساڵ لەچوونە سەربازییەکەیان درەنگ کەوتووە، ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ کڕینەوەی سەربازی دەبێ بیدەن، بەپێی لەناوخۆ بوون یان لە دەرەوەی وڵات بوون و هەروەها ئەو بڕوانامەیەی کە هەیانە، دیاری دەکرێت.

بەگوتەی جێگری بەرپرسی ئیدارەی سەرچاوە مرۆییەکانی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ئەو گەڵاڵەیە پاش ئەویە لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە ئامادە کراو لەلایەن ستادی گشتییەوە پەسند کرا، لەلایەن هەیئەتی وەزیرانەوە دەبێتە بڕیارنامە و دەبێ جێبەجێ بکرێت.

مووسا کەماڵی لە لێدوانێکدا بۆ میدیا حکوومەتییەکان، رایگەیاندووە؛ ئەو یاسایە بۆ ساڵی ٩٤ دەبێ و لە ساڵی داهاتوویدا وەکوو جێبەجێ دەکرێت.

بەم پێیە، کەسانی غایب بە ناچاری دەبێ جەریمەیەکی قورسی ٢٠ هەتا ٥٠ ملوین تمەنی بخەنە حیسابی دەوڵەتەوە.

پێشتر بەهۆی ئەو گەڵاڵەیەوەو لە ساڵانی ٧٨ هەتا ٧٩ی هەتاویدا، ٣٦٠ هەزار کەس سەربازیی خۆیان کڕییەوە.

لە ساڵی ١٣٠٣ی هەتاوییەوە، کە چوونە سەربازی لە وڵاتی ئیراندا بۆتە ئیجباری، ئەمە دووەمین جارە کە سەربازی لەبری بڕە پارەیەک دەکڕدرێتەوە.