سەردەشت/ لەئەنجامی تەقەی کەسانی نەناسراودا ٤ ئەندامی سپای پاسداران کوژران

16:05 - 31 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: لە دوو رووداوی جیاواز و لە ئەنجامی تەقەی کەسانی نەناسراودا لە ناوچەی سەردەشت، ٦ ئەندامی سپای پاسداران کوژراون و بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی چوارشەممە رێکەوتی ٣٠ی گەلاوێژ، کەسێک بەناوی \"محەممەد خزری\" خەڵکی گوندی \"کەچەڵاوا\"ی سەربە ناوچەی سەردەشت بەزەبری چەک لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە گیانی لێ ئەستێندرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، کەس یان کەسانێک لەپەیوەندی لەگەڵ ئەو رووداوەی شەوی رابردوودا دەستبەسەر نەکراون.

لەلایەکی دیکەوە شەوی رابردوو لە ئەنجامی تێکهەڵچوونێکی چەکداریدا لە گوندی \"مارەغان\" لە ناوچەی سەردەشت، ٣ ئەندامی سپای پاسداران کوژراون و ٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هەواڵدەرییە حکوومەتییەکانی ئێـران ئەم هەواڵەیان پشتڕاست نەکردۆتەوە، بەڵام هاووڵاتییانی گوندی مارەغان راستیی ئەم هەواڵەیان بە ئاژانسی کوردپا راگەیاندووە.

هەروەها بە وتەی هاووڵاتییانی گوندی \"مارەغان\" ٢ چەکداری دیکە لەو پێکدادانەدا کوژراون، بەڵام هەتا ئێستا شوناسی ئەو کەسانە نەزانراوە.

هەروەها رێکەوتی ٢٩ی بانەمەڕی ئەمساڵ لە بەرزاییەکانی چیای \"نێو کێل\" و \"هەڵاڵاویە\" لە پشت گوندی \"مێرگە پیرکێ\"ی ناوچەی رەبەت شەڕ و پێکدادانی چەکداری هاتە ئاراوەو لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا ٢ کەسی دیکەی سەربە سپای پاسداران کوژران.