سەردەشت/ شوێنەواری ٨ هەزار ساڵە دۆزرایەوە

12:39 - 29 رەزبەر 2715
ئاژانسی کوردپا: دوای هەڵمەتێکی پشکنین، ئاسەوارناسان، هەبوونی ژیار و شارستانیەت لە دەوروبەری شاری سەردەشت سەلمێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، ناوچەی مێژوویی پێنج گوندی شاری سەردەشت، شوێنی ژیان و مانەوەی مرۆڤ لە شەش هەزار ساڵ پێش لە لەدایک‏بوونی مەسیح بووە.

ئاسەوارەکان لە پێنج ناوچەی \"نیسک ئاوێ ، بریسوێ، باڵان، باخێ و برزیلێ\" دۆزراونەتەوە.

\"28831.jpg\"
سی پشکێنەر، لە هەڵکۆڵینی نوێی خۆیاندا توانیویانە ئاسەواری ژیان، جێگیربوونی مرۆڤ و ئاسەواری چاخی نوێی بەردینەیان بدۆزنەوە کە لە ڕوانگەی ئاسەوارناسییەوە بە \" شیاوی گرینگی پێدان\" ناسێندراوە.

بەرپرسی پرۆژەی پشکنینەکە بە ماڵپەڕی ئیسنای ڕاگەیاندووە کە \" لە درێژەی ئەم هەوڵەدا بڕیارە چندین توێژی دیکەش هەڵدرێتەوە و ئەو کەل‏وپەلانەی کە لەوێ دەدۆزرێنەوە بە مەبەستی توێژینەوەی زیاتر، بۆ مووزەخانەی ئورمیە دەگوازرێنەوە.

گردی \"رەبەت ١\" یەکێک لە دەوڵەت شارەکانی ئێران بە ئەژمار دێت کە سەرەڕای دۆزینەوەی لە ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی‏دا، هیچ کارێکی لەسەر نەکراوە و سێ حەوتوو بەر لە ئێستا هەڵکۆڵینی سیستماتیک لەو گردەدا دەستی پێکردووە.

ئەو پشکنینە گرینگە لە کوردستاندا لەحاڵێکدایە کە، پاراستنی ئاسەوارە مێژووییەکان یەکێک لە سەرئێشە جیدییەکانی ڕێکخراوی میراتی فەرهەنگی و پیشە دەستییەکانی ئێران بە ئەژمار دێت، بە جۆرێک کە دزین و بەتاڵانبردنی ئەو ئاسەوارانە بە شێوەیەکی سیستماتیک بووەتە پیشەیەکی پر داهات.

شاری سەردەشت بە حەشیمەتێکی ١١٠ هەزار کەسییەوە لە هەبوونی مووزەخانە بێ‏بەشە و لە ئێستادا زۆربەی ئاسەوارە مێژووەییەکانی ئەو شارە بۆ دەرەوەی کوردستان دەگوازرێنەوە.

\"28836.jpg\"

\"28835.jpg\"