سەردەشت/ سێ برا بوونە قوربانی تەقینەوەی مین

16:46 - 15 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: پاش ٢٨ ساڵ بە سەر کۆتایی هاتنی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران_عێراق، هێشتا مینە بەجێماوەکانی ئەو شەڕە، کۆ نەکراونەتەوە و ماوە بە ماوە هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەبنە قوربانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٣ی جۆزەردان، سێ برا لە گوندی \"ئاڵواتان\"ی سەر بە شاری سەردەشت بوونە قوربانی و لە ئەنجامدا دوو کەسیان گیانی لە دەستدا و ئەوی دیکەش بە توندی بریندار بوو.

لەو ڕووداوەدا، عەلی نژاد تەمەن ٢٨ساڵ و یەعقوب عەلی نژاد تەمەن ١٥ ساڵ بە هۆی سەختی برینەکەیانەوە گیانیان لە دستداوە و هەروەها یەعقوب عەلی نژاد تەمەن ١٩ ساڵ بریندارە و هەنووکە لە یەکێک لە نەخوشخانەکانی شاری سەردەشت لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دایە.

تەقینەوەی مینەکە لەکاتێکدا ڕوویداوە کە ئەو سێ برایە خەڵکی گوندی ئاڵواتان سواری تەراکتور بوون و دەچوون بۆ سەر مەزار و مووچەکەیان، کە تووشی ئەو ڕووداوە دەبن.

بە وتەی شایەتحاڵەکان، ئەو تەقینەوەیە ئەوەندە بەهێز بووە کە تەراکتورەکە بە تەواوەتی لە بەر یەک هەڵوەشاوەتەوە.

ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا ماوەیەک لەمەوبەر ڕایگەیاند کە؛ لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویدا، ٣٦ هاووڵاتیی کورد بەهۆکاری تەقینەوەی مین و کەرەستە بەجێماوەکانی شەڕی ئێران و عێراق، بوونەتە قوربانی، کە ١٢ کەسیان دەستبەجێ گیانیان لەدەست داوە.

شاری سەردەشت بە حەشیمەتی ١١١ هەزار کەس لە باشووری پارێزگای ورمێ و هاوسنوور لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵکەوتووە و لە کاتی شەڕی ٨ ساڵەدا یەکێک لە ناوچە جەنگییەکان بووە.

\"30258.jpg\"

\"30259.jpg\"

\"30257.jpg\"