سەردەشت/ سۆبەی نەوتی بووە هۆی گیان لەدەست دانی قوتابییەکی تەمەن ١٢ ساڵ

19:55 - 8 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: تەقینەوەی سۆبەی نەوتی لەناو ماڵی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی سەردەشت گیانی قوتابییەکی تەمەن ١٢ ساڵەی کوردی ستاند.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەرلە ئێوارەی رۆژی شەممە رێکەوتی ٧ی بەفرانبار منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵ بەناوی \"هێمن محمەەد پوور\" و خەڵکی گوندی \"گڕوێس\"ی سەربە ناوچەی ئالانی سەردەشت لە ئەنجامی تەقینەوەی سۆبای نەوتیدا لە ماڵی خۆیان گیانی لەدەست دا.

بە وتەی هاووڵاتییانی ئەو گوندە، رووداوەکە لە کاتێکدا هاتۆتە ئاراوە کە دایک و باوکی ئەو قوتابییە تەمەن ١٢ ساڵەیە لە ماڵەوە نەبوون و لە ئەنجامی تەقینەوەی سۆبەی نەوتیدا بینای ئەو خانووبەرەیەش بە تەواوەتی لەناو چووە.

ماڵپەڕە ناوخۆییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هۆکاری نەچوونی مەئموورانی ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەیان بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرە، بۆ دووری رێگە گەڕاندۆتەوە، لە کاتێکدا خەڵکی گوندی گڕوێس رایانگەیاندووە هاوکات لەگەڵ روودانی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە پەیوەندییان بە ئیدارەی \"ئاگرکوژێنەوە\"ی شاری \"سەردەشت\" کردووە، بەڵام لەلایەن ئەو ئیدارەیەوە هیچ وەلامێکیان پێ نەدرابۆوە.

هەروەها مانگی رێبەندانی ساڵی رابردووش \" target=\"_blank\">لەرووداوێکی هاوشێوەدا لە گوندی \"بێژوێ\"ی سەربە ناوچەی \"ئالان\"ی شاری سەردەشت \"عەزیز شێخەپوور\" هاورێ لەگەڵ کچەکەی خۆی بە ناوی \"ئامینە\" بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە نێو ماڵەکەیاندا تووشی سووتان هاتبوون کە هاوکات ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەی سەردەشت دووری ئەو گوندەی لەشاری سەردەشت بەهۆکاری نەگەیشتنی مەئموورانی ئاگرکوژێنەوە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی رووداوەکە لەقەڵەم دابوو.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١ی بەفرانبار هەواڵی تەقینەوەی سۆبەی نەوتیی قوتابخانەی سەرەتایی گوندی \"کەرێزەی شیخان\" لە ناوچەی مەهاباد، بڵاو کردەوە کە بەو هۆیەوە بینای قوتابخانەکە لەناو چووبوو.

هەروەها رووداوی ئاگرکەوتنەوەی قوتابخانەی سەرەتایی گوندی کەورێزەی شێخانیش بەهۆی نەگەیشتنی مەئموورانی ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەی شاری مەهاباد بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە، بینای تەواوی قوتابخانەکە سووتابوو.

دووپات بوونەوەی ئەو رووداوانە لەکاتێک دایە کە تەنیا لە ناو شارەکاندا بنکەی ئاگرکوژێنەوە هەیە، کەلە کاتی ئاگرکەوتنەوەکاندا مەئموورانی ئیدارەی ئاگرکوژێنەوە لە کاتی پێویستدا ناگەنە شوێنی رووداوەکان و ناتوانن ئاگرەکان کۆنتڕۆڵ بکەن.