سەربازێکی یارسانی لە شاری گێڵانغەرب کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

13:34 - 28 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی هەڵاواردنی نەتەوەیی و پێڕانەگەیشتن بە داواکارییەکان، سەربازێکی کوردی یارسانی لە شاری گێڵانغەرب، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕێبەندان، لاوێکی یارسانی بە ناوی \"یەحیا یاری\" تەمەن ٢٤ ساڵ کە لە کۆتایییەکانی ماوەی سەربازییەکی بووە، بە هۆی بێڕێزی کردن و هەڵاواردنەوە لە لایەن بەرپرسانی پادگانی نیزامیی شەهید \"سابتخا\" کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: یەحیا بە هۆی پشتگوێخستنی بنەماڵەکەی لە لایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە، کە یەکێک لە بنەماڵە بوومەلەرزەلێدراوەکانی ناوچەی یارسان بووە، خۆی کوشتووە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو سەربازە کوردە، ناوبراو بە هۆی پیر و پەککەوتووی دایک و باوکی و پشتگوێخستنی کێشەی بوومەلەرزەلێدراوەکانی پارێزگای کرماشان، داوای گواستنەوەی بۆ شاری سەرپێڵی‌زەهاوی کردبوو، کە لەگەڵ دژایەتی بەرپرسی پادگانی \"سابتخا\" بەرەوڕوو بۆتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها لە درێژەدا دەڵێت: بەرپرسانی پادگانی شاری گێڵانغەرب بە ناوی \"حاجی خوشبەختی\" لە کاتی داواکاریی ئەو سەربازە کوردە، دەستی بە بێڕێزی بە ناوبراو و بیروباوەڕی ئایینی یارسان کردووە و ئەمەش بووەتە هۆی خۆکوژی ئەو سەربازە کوردە.