سەربازێکی کورد لە شاری تاران دەسبەسەر کرا

11:19 - 25 رێبەندان 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕێبەندان، سەربازێکی کورد بە ناوی "محەممەد سدیق عەزیزی" کوڕی "لوقمان" خەڵکی شاری شنۆ، لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتی ئەرتشەوە دەسبەسەر کرا.

یەکێک لە نزیکانی ئەو سەربازە کوردە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو سەربازە کوردە پاش دەسبەسەرکرانی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و لە چارەنووسی زانیارییەکی ئەوتۆ لەبەر دەستدا نییە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ڕایگەیاند: "ئەو هاووڵاتییە کوردە لە یەکێک لە پادگانەکانی ئەرتش لە شاری تاران دەسبەسەر کراوە. هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی عەزیزی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری گرتنی ئەو سەربازە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی دووشەممە ٣١ی جۆزەردان، هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ، بەبێ بەڵگەی یاسایی لوقمان عەزیزی، باوکی ئەو سەربازەیان دەسبەسەر و ناوبراویان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کردبوو.

لوقمان عەزیزی پاش ئازادکرانی لە زیندان زێدی خۆی بەجێ هێشت.

لوقمان عەزیزی ١٣ی پووشپەڕی ١٣٩٥، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ١٨ی خەرمانانی هەمان ساڵ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرابوو.

لوقمان عەزیزی ١٠ی ڕەزبەری ١٣٩٥، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و ١٣ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی شنۆ بە سەرۆکایەتی دادوەر "ڕەزایی"، بە تۆمەتەکانی "ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی و پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بە ١٦ ساڵ زیندان مەحکووم کرا و ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ١٣٩٦، لقی ١٠ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، بە لابردنی تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی" دادنامەی دادگای سەرەتایی بۆ لوقمان عەزیزی پشتڕاست کردبووەوە.