سەربازێکی کورد لەسەقز کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا

15:10 - 27 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: لە چیاکانی دەوروبەری شاری سەقز، سەربازێک لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەربازێکی هیزی ئینتزامی لە شاری سەقز، بەناوی ئەمیر موشیری، هەوڵی خۆکوژی داو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

تەرمی ئەو لاوە تەمەن ٢٥ ساڵەیە، لە چیای \"هەوازو\"ی نزیک شاری سەقز دۆزراوەتەوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە، ئەو سەربازە سەرلە ئێوارەی رۆژی هەینی خۆی هەڵواسیوەو هەتا ئێستاش هۆکاری ئەو خۆکوشتنەی روون نەبۆتەوە.

ئەمیر موشیری خەڵکی گوندی \"یاپاڵ\"ی سەربە شاری دیواندەرە بووە، کە تەرمەکەی پاش دۆزرانەوە، بە مەبەستی پشکنین رەوانەی پزیشکی دادوەریی شاری سەقز کراوە.

ئەو سەربازە کوردە لە کاتێکدا هەوڵی خۆکوژی داوە، کە رۆژی رابردوو بەرپرسی رێکخراوی پزیشکیی دادوەریی باسی لە چوونەسەرەوەی ئاماری خۆکوژی لە ئێراندا کردووەو رایگەیاندووە؛ لە ماوەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا، چوار هەزار و ٥٥ کەس لە ئەنجامی هەوڵی خۆکوژیدا، گیانیان لەدەست داوە.

ئەحمەد شوجاعی گوتوشیەتی؛ ئەم ئامارە جیگەی نیگەرانییەو دەرخەری ئەوەیە، کە باری دەروونیی کۆمەڵگە بەرەو خراپتر بوون دەچێت.

هەروەها بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ساڵی رابردوودا سەرجەم ١٤٥ هاووڵاتیی لە ئەنجامی هەوڵی خۆکوژیدا گیانیان لەدەست داوە، کە لە کۆی ئەو ریژەیە ٧٥ کەسیان ژن بوون.

ساڵی رابردوو ٥٢ کەس لە ئوستانی کوردستاندا کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.